هه‌ولێر كه‌شێكی تایبه‌تی بۆ مۆندیال دروست كردووه
+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا – هه‌ولێر
له كافتریا و بازاڕه‌كانی هه‌ولێر، كه‌شێكی تایبه‌تی و وه‌رزشی بۆ هه‌وادارانی تۆپی پێ و یارییه‌كانی مۆندیال فه‌راهه‌م كراوه، ژماره‌ی هاموشۆكه‌رانی كافیتریاكانیش زیادیكردووه و ئاڵای وڵاته به‌شداره‌كانی مۆندیال له زۆر شوێن هه‌ڵواسراوه.
964+ سۆراغێکی بۆ هه‌ندێك له كافتیریا و شوێنه گشتییه‌كانی هه‌ولێر كرد، ده‌ركه‌وت كه‌شێكی تایبه‌ت و ئاماده‌كاری پێشوه‌خته بۆ پێشوازی له هانده‌رانی وه‌رزشی و بینه‌رانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ كراوە.
كافتریای “ئای دوو” لە ئیمپایەری هەولێر، هه‌موو دیوار و ده‌وروبه‌ری خۆی به ئاڵای وڵاتانی به‌شدار له مۆندیال رازاندووه‌ته‌وه و پۆرترێتی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی ناوداری وه‌ك رۆناڵدۆ، مێسی و بنزێمایان له شوێنه‌كه داناوه.
هه‌روه‌ها چه‌ند شاشه‌یه‌كی تی ڤی به قه‌باره‌ی جیاواز بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كان ئاماده‌كراون.
میدیه‌ن، یه‌كێكه له كارمه‌نده سه‌ره‌كییه‌كانی كافتریایه‌كه، ئه‌و بۆ 964+ وتی، “ئێمه بڕیارمان داوه له هه‌موو كافتریاكانی دیكه جیاوازتر بین، ئاماده‌كاری پێویستمان بۆ پێشوازی له میوانان كردووه و كه‌شێكی وه‌رزشیمان بۆ دروست كردوون”.
وتیشی: “دوێنێ له یاری كردنه‌وه‌ی مۆندیالدا میوانی زۆرمان هه‌بوو، پێشبینیی ده‌كه‌ین رۆژانی دواتر ژماره‌یان زیاتر بێت، ئێمه‌ش به‌نیازین خزمه‌تگوزاری باشیان پێشكه‌ش بكه‌ین و سوپرایزیشمان بۆ ئاماده‌بووانی یارییه‌كان له كافتریاكه‌مان ده‌بێت”.
” ئاڵای تیپه به‌شداره‌كانی مۆندیال به بن‌میچ و په‌نجه‌ره‌كانه‌وه هه‌ڵواسراوه”
كافتریای مه‌نگه‌ل، یه‌كێكی دیكه له‌و شوێنانه‌یه، كه به شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت پێشوازی له مۆندیال كردووه.
هه‌ر كه ده‌گه‌یته نزیكی كافتریاكه، راسته‌وخۆ ده‌چیته كه‌شی مۆندیاله‌وه، جامخانه و دار و دیواری شوێنه‌كه كراوه به وێنه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێ.
هه‌ر له دووره‌وه وێنه‌ی رۆناڵدۆ، مێسی، نۆیه‌ر، لێڤاندۆڤسكی و ئه‌ستێره‌كانی تری مۆندیال ده‌بینیت.
له ژووره‌وه‌ی كافیتریاكه‌شدا ئاڵای تیپه به‌شداره‌كانی مۆندیال به بن‌میچ و په‌نجه‌ره‌كانه‌وه هه‌ڵواسراوه، شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ش بۆ سه‌یركردنی یارییه‌كان دانراوه.
” له دووره‌وه وێنه‌ی رۆناڵدۆ، مێسی، نۆیه‌ر، لێڤاندۆڤسكی و ئه‌ستێره‌كانی تری مۆندیال ده‌بینیت”
كاپتن خالید، كه لوبنانییه، به درێسی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیلیه‌وه بۆ 964+ قسه‌ی كرد، “ئێمه ماوه‌یه‌كی زۆره خۆمان بۆ پێشوازی له مۆندیال ئاماده كردووه، كه‌شێكی تایبه‌ت له لای ئێمه هه‌یه، خزمه‌تگوازی و پێشبڕكێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتمان بۆ ئاماده‌بووانی یارییه‌كان له كافتریاكه‌مان دابین كردووه”.
وتیشی، نرخی خواردن و خواردنه‌وه‌كانمان هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و هیچ زیاده‌یه‌كی نه‌هاتووه‌ته‌سه‌ر، جگه له‌وه سپۆنسه‌ریان بۆ دابینكردنی خه‌ڵات بۆ براوه‌ی پێشبڕكێیه‌كان دۆزیوەتەوە.
له بازاڕی میللیی ئیسكان، كه ناسراوترین شه‌قام و بازاڕی هه‌ولێره، بارودۆخه‌كه زۆر جیاواز نییه، چونكه له‌وێ هه‌موو شه‌وێك كه یاری خوله‌كانی ئه‌وروپا هه‌بێت، له بینه‌ر و هه‌واداری وه‌رزشی جمه‌ی دێت.
فه‌رهاد محه‌مه‌د، خاوەن كافتریایە له بازاڕی ئیسكان، به 964+ی وت، ئێمه له‌وه راهاتووین پێشوازی له هانده‌ران و بینه‌رانی وه‌رزشدۆست بكه‌ین، شه‌وانی ئیسكان هه‌موو كات قه‌ره‌باڵغه، به تایبه‌تی كاتێك یارییه‌كی به‌هێز هه‌بێت، به‌ڵام بێگومان له ماوه‌ی مۆندیالدا قه‌ره‌باڵغییه‌كه زیاتر ده‌بێت.
یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ له قه‌ته‌ڕ، ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه به دۆڕانی قه‌ته‌ڕی میواندار به 0-2 گۆڵ به ئیكوادۆر ده‌ستیپێكرد.
مۆندیالی تۆپی پێ چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت، كه ٣٢ هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی جیهان به‌شدار ده‌بن و ماوه‌ی مانگێك ده‌خایه‌نێت.