"باسی پێكەوە ژیان دەكەن"

ئەمڕۆ هەوار و نەژاد لە كەركوك نمایشیان هەیە

964+
كوردستان ئەحمەد

وا بڕیارە ئەمڕۆ  لە كەركوك شانۆیەكی تایبەت بە برایەتی و پێكەوەژیانی نەتەوەكانی شارەكە بەڕێوەدەچێت، هەوار و نەژان رۆڵی سەرەکی شانۆگەریەکە دەبینن.

بڕیارە شانۆگەریەكە بەزمانی كوردیی، عەرەبی و توركمانی بێت، سبەی سێشەممە كاتژمێر چواری ئێوارە لە گەڕەكی پەنجا عەلی نمایشدەکرێت.

نمایشی شانۆگەریەکە لەلایەن گروپی هەوار بەڕێوەدەچێت، ئەوان دەڵێن، بەشێوەیەكی خۆبەخش نمایشەکە دەکەین بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییە دۆستاییەتی و هاوڕێیەتیەكانی نێوان نەتەوەكانە لە كەركوك.

نەژاد نەجم، دەرهێنەری شانۆگەریەکەیە، قسەی بۆ 964 كرد وتی “پێشتر پەرلەمانتارێك گەڕەكە كوردیەكانی كەركوكی وەک گەڕەکی تیرۆر و ترس و تۆقاندن ناساندبوو، ئێمە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو هەڵوێستە هەستاوین بە ئەنجامدانی ئەم شانۆگەرییە”.

هاوکات نەژاد ئەوەشی وت “دەمانەوێت بە جیهان و بە خەڵكی كەركوك و ناوچەكەش بڵێن شاری كەركوك هی هەموو پێكهاتەكانە، ئێمە پێكەوە جوانین و دەبێت پێكەوەش درێژە بە ژیان بدەین لەم شارە”.

گروپی شانۆیی هەوار گروپێكی شانۆگەرین لە شاری كەركوك، بەشداری چەندین چالاكی و كاریی هونەری و شانۆییان لە وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەدا كردووە و چەندین  خەڵاتی جیهانیان بەدەستهێناوە.