گوندی خارگێڵان، هەورامان، وێنە سۆشیاڵ میدیا
داوای نۆژەنکردنەوەی رێگای سێ گوندی هەورامان دەکرێت
964+
كوردستان ئەحمەد
لە نێوان هەڵەبجە و هەورامان رێگای سێ گوند چاڵ و چۆڵی زۆری لێدروست بووە، خەڵکەکەی داوای نۆژەنكردنەوەی رێگای گوندەکانیان دەكەن.
هەریەکە لە گوندەكانی خەرپانی، خارگێڵان و دەرەشیش، دەكەونە نێوان قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەی بیارە، رێگایەكی سێ كیلۆمەتری گوندەكان بەیەكتر دەبەستێتەوە.
رێگاكە پڕە لە چاڵ، ئەنجومەنی هەر سێ گوند واژۆی دانیشتوانی گوندەكەیان كۆكردوەتەوە و داویانە بە سەرۆكی شارەوانی بیارە، بۆ ئەوەی رێگاكەیان بۆ نۆژەنبكرێتەوە.
غەریب محەمەد، ئەنجومەنی گوندی خارگێڵان بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: دەمانەوێت رێگاکەمان بۆ نۆژەنبكرێتەوە، دوای جەژن لەگەڵ كردنەوەی دەوام سەردانی شارەوانی بیارە دەكەین و یاداشتەکەمان بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگاكە پێشكەش دەكەین.
ئەو سێ گوندە تەنیا سێ كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای هەڵەبەجە و دوو كیلۆمەتر لە ناحیەی بیارەوە دوورن، گوندەكان گەشتیارین و لە وەرزی هاویندا گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو گوندانە دەكەن.
ژمارەی دانیشتوانی ئەو سێ گوندە نزیكەی 150 ماڵ دەبن و بەشێكیان سەرقاڵی باخدارین و بەشێكی دیكەشیان سەرقاڵی ئاژەڵدارین.