بەشی كوردی زانكۆی بەغدا دادەخرێت
“لە٪٩٨ قوتابیەكان عەرەبن”
+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
دوای ٦٣ ساڵ بەسەر کراونەی، نەبوونی مامۆستای پێویست بووەتە هەڕەشە بەسەر داخستنی بەشی كوردی زانكۆی بەغدا.
دكتۆر فەیسەڵ محەمەد، بڕیاردەری كۆلێژی پەروەردەی ئیبن روشد لە زانکۆی بەغدا، لە لێدوانێكی تایبەت بە +964ـی راگەیاند، بەهۆی كێشەی نەبوونی ستاف و سەرچاوەی بەردەست لە کتێبخانەی کۆلیژ و مامۆستا، بەشی زمانی کوردی لەكۆلێژی زمان داخراوە و بەڵام بەشی پەروەردە هێشتا دانەخراوە، ئەگەر وابڕوات ئەگەر هەیە ئەم بەشەش دابخرێت.
دوای خانەنشین بوونی دكتۆر ئیسماعیل ئیبراهیم سەعید، سەرۆكی بەشی كوردی لە كۆلێژی زمانی زانكۆی بەغدا، ماوەی سێ ساڵە خوێندن لەو بەشە راگیراوە.
لەدوای ٢٠٣٣ـەوە، تایبەتمەندی ئەوە درایە بەشی کوردی کە راستەوخۆ، بێ گەڕانەوە بۆ ناوەندی وەرگرتن، خوێندکاران لەو بەشە وەردەگیردران بە مەرجی ئەوەی زمانی کوردی بزانێت و كۆنمرەی ٥٥ بەسەرەوە بێت.
بڕیاردەری بەشی پەروەردەی كوردی زانكۆی بەغدا وتی “داوای هەماهەنگی و هاوكایمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوكارییەكمان نەکراوە”.
زیاتر وتی ” لە مانگی ئازاری ئەمساڵ، سەرۆكی زانكۆی بەغدا لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كۆبووەوە بۆ ئەوەی هەماهەنگیمان بکەن، بەڵام گۆڕینی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی هەماهەنگیەكەی سست کردووە”.
بەشی كوردی زانكۆی بەغدا، ساڵی ١٩٥٩ لە سەردەمی عەبدولكەریم قاسم سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق دامەزراوە، مامۆستا عەلائەدین سوجادی و گۆرانی شاعیر، رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێگەیاندن و بەرەوپێشبردنی بەشەكە.
ئەو دۆخەی ئێستا بەشی کوردی زانکۆی بەغدا پێیدا دەڕوات، یەکەمجاری نیەو پێشتریش بەهۆی هەمان گرفتەوە سێ جاری تر داخراوە.