ئەو عومرەکارانەی بە پاس چوون بۆ سعودیە گیریان خواردووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک عومرەکاری کورد، کە نازانرێت چەند کەسن و بە رێگەی وشکانی چوونەتە سعودیە، لەدوای بەجێگەیاندنی ئەرکە ئاینییەکەیان و لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی نێوان عێراق و سعودیە گیریانخواردووە.
کاروان ستونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ی راگەیاند، ئەو عومرەکارانە “بە نایاسایی” و بە رێگەی وشکانی چوونەتە سعودیە، بۆیە لە دەروازەی عەرعەر کێشەیان بۆ دروستبووە.
عومرەکارەکان بەبێ ئاگاداری پێشوەختە چوونەتە دەروازەی عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لۆد لەسەر دەروازەکە و دواکەوتنی ئەو هاوڵاتیانە بۆ گەڕانەوە، کاروان ستونی وای وت.
لە ئێستادا عومرەکارەکان لە دەروازەکەوە بەڕێدەکرێن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک بە رێگەی وشکانی گەشتی عومرە رێکبخات سزای دەدەن، راشیگەیاند، “ئەو عومرەکارانە لە رێگەی ئێمەوە نەچوون، بە رێگەی نایاسایی چوون.. ئێمە نازانین ژمارەیان چەندە”.