مەڕەکان خەریکی گژوگیا خواردنن لە دەشتی شارەزوور. وێنە: 964
ئەمساڵ دەشتی شارەزوور سفرەیەکی رازاوەی بۆ خوانی ئاژەڵەکان راخستووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بارانبارینی ئەم وەرزە گیای دەشتی شارەزووری ملدرێژ و سەوزتر کردووە، ئەم کەشە خوانێکی دڵخوازی بۆ ئاژەڵەکان دروستکردووە و ئاژەڵدارەکانیش دڵخۆشن پێی.
تەنیا لەو دەشتەدا رێژەی بارانبارین تا ئێستا 503.4 ملیمەتر بووە، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تەنیا 290.5 ملیمەتر باران باریبوو، ئەمە بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی شارەزوور.
“زەحمەتی زۆر زۆرە، بەڵام خۆشیشی تێدایە، کارەکەم خۆشدەوێ چون کاری پێغەمبەرانە و پیرۆزە لام”، ئەمە قسەی ئیدریس سەعید دانیشتووی گوندی حەسەن ئاوای سەر بە ناحیەی سیروانە لە دەشتی شارەزوور.
ئەو بە 964ی وت، “ئەم بەهارە زۆر جیاوازە لەگەڵ بەهارەکانی رابردوو، سوپاس بۆ خوا بارانی باش باریوە و دەغڵودان زۆرە، لەکاتێکدا گۆشتیش گرانە ئەمە بۆ ئێمەی ئاژەڵدار زۆرباشە”.
شوانکارەیی لە باو و باپیرانییەوە بۆ ئیدریس ماوەتەوە، ئەو دڵنیا نییە چەند ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەن، بەڵام وتی، “ئاژەڵ بەخێوکردن بۆ ئێمە جگە لە سودە مادییەکەی دڵ و دەرونیشمان ئاسودە دەکات”.
ئەو شوانە وتیشى، “نابێت لە چاودێریکردنى ئاژەڵەکان کەمتەرخەمى بکرێت، دەبێت بەردەوام ئاگات لێیان بێت، چونکە من لەبەردەم خودا و خەڵکیشدا بەرپرسم لێیان”.
شوانەکەى گوندى حەسەن ئاوا، رۆژانە و بەردەوام لەم وەرزەدا زیاتر لە هەشت سەعات مەڕەکانی دەباتە دەرەوە و دەیان لەوەڕێنێت، بەمەش بەشێکی زۆری ژیانی لەگەڵ مەڕ و بزنەکان بەسەر دەبات.