“رۆناڵدۆ له‌ جۆرجینا بێزاره‌”

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

راپۆرتە میدیاییه‌كان له‌ پۆرتوگال ئاشکرایان کردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی سوپەرستاری تۆپی پێ، ئێستا باشترین ساتەکانی لەگەڵ خۆشه‌ویسته‌ ئەرجەنتینییەکەی، جۆرجینا رۆدریگێز بەسەر نابات و كێشه‌یان هه‌یه‌.

تۆڕی تەلەفزیۆنیی “CMTV”ی پۆرتوگالی له‌ به‌رنامه‌یه‌كدا میوانداری شارەزایەکی زمانی جه‌سته‌ و یه‌كێكی دیكه‌ی شاره‌زای باری ده‌روونی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی شیکردنەوەی بۆ وەرچەرخانەکانی ئەم دواییەی ژیانی رۆناڵدۆ و جۆرجینا بكه‌ن.

یەکێک لەوان دەڵێت: کارەکانی ئەم دواییەی رۆناڵدۆ ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێستا ژیانی تایبەتی رۆناڵدۆ بە کاتێکی خۆشدا تێناپەڕێت، رەنگە لەبەر ئەوەش بێت لە دایکی دوورە.

شاره‌زایه‌كه‌ی دیكه‌ش وتی: رۆناڵدۆ دڵخۆش نییە، بەو پێیەی جۆرجینا زۆربه‌ی كاته‌كانی رۆژی لە ناوەندە بازرگانییه‌كان لە ریاز بەسەر دەبات، جگە لە خه‌رجكردنی پارە هیچی دیكه‌ ناکات، بە هه‌موو شێوه‌یه‌كیش دەوری رۆناڵدۆی داوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ یاریزانه‌كه‌ مایه‌ی خۆشحاڵی نییه‌.

هه‌ر له‌ به‌رنامه‌كه‌دا پێشكه‌شكاره‌كه‌ش لە سه‌رنجێكدا وتی: بە درێژایی مانگەکانی رابردوو وتوومه‌ ئەوان لەگەڵ یەکتر ناگونجێن و هاوسەرگیری لە نێوانیاندا روونادات، راستییەکە ئەوەیە کە ئەو لێی بێزار بووە و لە قۆناغێکدا جیا دەبنەوە”.

لەو کاتەوەی رۆناڵدۆ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی نه‌سڕی سعودیه‌وه‌ كردووه‌، جۆرجینا چەند جارێک بە ئاشکرا بینراوە لە دوکانە بەناوبانگەکانی ریاز بازاڕ دەکات.