پارێزبەندی لە ئەندامەکە یەکگرتووەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک هەڵنەگیرا
+964
عەمار عەزیز- دهۆک
لەسەر سکاڵایەکی بەڕێوەبەری پێشووی خانوبەرەی دهۆک، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامێکی یەکگرتووی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەکرێت و، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایەکەش داوایەکە رەت کرایەوە.
سەباح عەلی شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە فراکسیونی یەکگرتووی ئیسلامی بە +964ـی راگەیاند لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی گەندەڵییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرەی دهۆکم کردبوو، دوای بەرنامەکە، بەڕێوەبەرەکە لە دادگای دهۆک سکاڵای لەسەر تۆمار کردم.
+964 دەزانێت، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەشداری بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوو، لەسەر دۆخی پارێزگای دهۆک، لە بەرنامەکەدا باسی گەندەڵییەکانی پارێزگای دهۆکی کرد.
لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری خانووبەرەی دهۆک ئەو کەسەیە کە سکاڵای لەسەر سەباح عەلی شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە فراکسیونی یەکگرتووی ئیسلامی تۆمار کردووە. لوقمان ئێستا لە پۆستەکەی نەماوەو، دۆسیەکەش لە دادگای داخراوە.
١٧ـی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لەسەر داخوازی سکاڵاکار بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەباح عەلی شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک لە فراکسیونی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆبووەوە، بەڵام بە کۆی دەنگ دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ناوبراو دەنگیان دا.
ئەنجۆمەنی پارێزگای دهۆک، لە ٢٨ ئەندام پێکدێت، بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگایەکانیش بێت، ئەندامی ئەنجومەن تەنیا لە حالەتێکدا پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگیردرێت کە تاوانی کوشتنی ئەنجام دابێت.
سەباح عەلی وتی”ئەوکەسە دوو سێ مەلەفی گەندەڵی لەسەرە، بەداواچونم بۆ کردووە، پێدەچێت بەهۆی ئەوە بێت سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام ئەوە ئیشی ئێمەیە بەدواداچوون بۆ هەموو مەلەفێک بکەین”.
زیاتر وتی “ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەوردی بەدواداچوونیان بۆ سکاڵایەکە کرد، بۆیان روونبووە کە من لەو بەرنامەیە ناوی کەسم نەزڕاندووە، ئەمەش وایکرد ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بەفەرمی نوسراو ئاراستەی دادگای دهۆک بکەن بۆ کوتایی هێنان به دۆسیەکە”.