دیمهنێكى ناو شارۆچكه‌ى هه‌ریر ... فۆتۆ: سۆسیال میدیاى هه‌ریر
90%ی یارمەتییەکان لە هەريرەوە دابین کرابوون
140 ملیۆن دیناریان دابه‌شی سه‌ر خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان كرد
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
چه‌ند گه‌نجێكی ناحیه‌ى هه‌ریر له رۆژانى مانگى ره‌مه‌زاندا هاوكارى جیاجیایان به بڕى 140 ملیۆن دیناریان بۆ خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى سنووره‌كه‌یان كۆكرده‌وه به‌سه‌ریاندا دابه‌شكردن، یه‌كێك له‌و گه‌نجانه‌ش ده‌ڵێت، 70% له‌و بڕه، پاره بووه و ئه‌وه‌ى دیکەش كه‌لوپه‌ل و خۆراك بووە.
كەریم برایم مەرزانی، سەرۆكی رێكخراوی “هەریری من” كه گه‌نجه‌كان له رێگه‌یه‌وه كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانیان بۆ ئه‌و خێزانانه كۆكردووەته‌وه، بە 964ـی وت، ته‌نیا له رۆژانى مانگى ره‌مه‌زاندا توانراوه بڕی 140 ملیۆن دینار به‌سه‌ر ماڵه كه‌مده‌رامه‌ته‌كانى هه‌ریر و سنووره‌كه‌ى دابه‌ش بكرێت.
وتیشی “له‌و بڕه پاره‌یه 70%ـى پاره‌ى كاش و ئه‌وه‌ى دیکەش كه‌لوپه‌لى جیاجیا و خۆراك بووه”.
به قسه‌ى مه‌رزانى، ئه‌وان لیستێكیان له‌و خێزانه كه‌مده‌رامه‌تانه لایه، كه ژماره‌یان 200 ماڵه و شایسته‌ى هاوكاری و یارمه‌تیدانن، ده‌شڵێت “90%ـى یارمه‌تیه‌كان له هه‌ريره‌وه دابین كرابوون”.
ئاماژەی بەوەش دا، زۆربەی ئەوانه‌ى هاوكارى و یارمه‌تیان بۆ ئه‌و خێزانانه ناردووه، حه‌زیان نه‌كردووه ناویان بڵاوبكرێته‌وه.
وتیشی، لە ماوەی ساڵانی 2016 تا 2022 توانیویانە له رێگه‌ى رێكخراوه‌كه‌یانه‌وه، زیاتر له 622 ملیۆن دینار كۆبكەنەوە و دابەشی سەر خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكانی بكەن.
ناحیەی ھەریر، دەکەوێتە سنووری قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای ھەولێر و ژمارەی دانیشتووانی بە 99 گوندی سنوورەكەیەوە، نزیکەی 35 هەزار کەسە .