پۆلیسی بەریتانیا: ماوەی 12 رۆژە کچ و باوکێکی کورد بێسەروشوێنن
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پۆلیسی بەریتانیا “زۆر نیگەرانە” لە ونبونی باوک و کچێکی کورد لە بلاکپوڵ، داوای یارمەتی لە خەڵک دەکات بۆ دۆزینەوەیان.
پۆلیسی لانکاشایر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دوایین جار ئەحمەد کاروان عەبدوڵای تەمەن 36 ساڵ و دونیا عەبدوڵای تەمەن سێ ساڵی کچی، لە 10ی نیسان لە ناوچەی پرۆمێناد بینراون و ماوەی 12 رۆژە بێسەروشوێن بوون.
“ئێمە زۆر نیگەرانین لە دیارنەمانی ئەحمەد و دونیا… پێویستە شوێنپێی باوک و کچ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی سەلامەتن و تەندروستیان باشە”، پۆلیسی بلاکپوڵ لە راگەیەندراوێکدا وا دەڵێت.
ئەو کچ و باوکە کەسوکاریان لە مانچستەر و کێنت هەیە، بەڵام پۆلیس دەڵێت رەنگە هێشتا لە بلاکپوڵ بن.
بەپێی راگەیەندراەکەی پۆلیسی بلاکپوڵ، ئەحمەد و دونیا “لە 10ی نیسانەوە تا ئێستا نەبینراون… رەنگە ئێوە بینیبێتتان، یان رەنگە ئەحمەد بناسن و پێشتر گوێتان لێبووبێت کە باسی گەشتکردن بۆ شوێنێکی دیکە بکات”.
پۆلیس دوو ژمارە تەلەفونی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “ئەگەر بینیتان، یان هەر زانیارییەکتان هەیە سەبارەت بەوەی کە لەوانەیە لە کوێ بن، تکایە پێمان بڵێن”.