بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
لە ترسی نەخۆشییەک
سەردانیکردن بۆ نەخۆشانەی منداڵانی هەڵەبجە قەدەغەکرا
هاوبەش ئەبوبەکر
لە هەڵەبجە نزیکەی مانگێکە نەخۆشییەکی گوازراوە لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، بۆ رێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە سەردانیکردن بۆ نەخۆشخانەی منداڵانی شارەکە قەدەغەکراوە.
د. زانا باقی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، نەخۆشییەکە هەوکردنی پەردەکانی مێشکە و لە ماوەی مانگێکدا نزیکەی 40 توشبوو تۆمارکراون.
“ژمارەی توشبووان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراوە بەرزبووەتەوە، پێشتر ژمارەی توشبوون بەم رادەیە زۆر نەبووە”، د. زانا باقی وای وت.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە سەرئێشە، رشانەوە و هێڵنجدان، لەش داهێزران، کەمبوونەوەی چالاکی، بێزاربوون بە رووناکی و ژاوەژاو.
“ئەگەر منداڵێک ئەم نیشانانەی هەبوو باشترە سەردانی پزیشک بکات و دەرمان بەکارنەهێنێت. پاکوخاوێنی و تێکەڵنەبوون لەگەڵ منداڵێکدا کە گومانی توشبوونی لێدەکرێت زۆر گرنگە، کوتانیش هۆکارێکی باشە بۆ رێگریکردن لە نەخۆشییەکە”، د. زانا باقی وای وت.