"كەس باسی نەكرد"

شەوی رابردوو کەسێک لە هەولێر کوژراوە و کەس باسی نەکردووە

964+
شۆڕش هەرکی

شەوی سێشەممە، 18.4.2023، لە پاش کاتژمێر 9ی شەو، پیاوێکی گەنج لە هەولێر کوژراوە بەبێ ئەوەی لە میدیاکان بڵاوببێتەوە و پۆلیس رایبگەیەنێت.

ئەیوب بورهان برای کوژراوەکە بە 964ی وت، بکوژ و کوژراو بە ئۆتۆمبێل پێشبڕکێیان کردووە، گرژی دروستبووە و دەستیان شکاندووەتەوە سەر یەکتری، “کەسی بەرامبەر دابەزیوە و محەمەدی برامی کوشتووە”.

بە قسەی ئەو، برا 31 ساڵەکەی بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا هیچ میدیایەک باسی لەم رووداوە نەکردووە بە 964ـیشەوە، چونکە دەزگا ئەمنییەکان زانیارییان رانەگەیاندبوو، هەروەها تاوەکو ئێستا بنەماڵەی کوژراوەکە سکاڵای یاساییان تۆمارنەکردووە.

پۆلیسی هەولێر رووداوی کوشتنەکە رەتناکاتەوە

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە 964ی وت، بەبێ مۆڵەتی بەڕێوەبەری پۆلیس ناتوانێت هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بدات.

بە قسەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر، بکوژەکە برای بەرپرسێکە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر