سێنتکۆم:

پێشمەرگە دەتوانێت بەبێ ئێمە رووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە

کاکەلاو عەبدوڵا

فەرماندەیی ناوەندەی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانیان لە هەولێر تەواو بووە و ئێستا پێشمەرگە دەتوانێت بەبێ ئامادەیی ئەوان رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکان ببێتەوە،

سێنتکۆم بڵاویکردووەتەوە کە براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانی کردووە بۆ بەهاناوەهاتنی عێراق بەئامانجی تێکشکانی داعش و وتوویەتی، “داعش چیتر هەڕەشە نییە بۆ ئاسایشی عێراق، هێزەکانی عێراق،  پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.”

“ئێستا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق خاوەنی توانا، سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنن تاوەکو بە تەنیا وەڵامی هەڕەشەکان لەسەر خاکی خۆیان بدەنەوە،” براد کووپەر وا دەڵێت.

ئەمڕۆ بە فەرمی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆتایی هات و سەرجەم هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشانەوە. هاوپەیمانان ساڵی 2014 لەسەر داوای حکومەتی عێراق گەیشتنە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی داعش و دواتریش کاتێک لە ساڵی 2017 بە فەرمی لەناوبردنی داعش راگەیاندرا، هاوپەیمانان ئەرکیان بۆ کاروباری راوێژکاری و راهێنان گۆڕا، دواتر لە ساڵی 2024 بەغداد و واشنتن رێککەوتن لەسەر ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان قۆناغ بە قۆناغ لە وڵاتەکە بکشێنەوە.