شەقامی 30 مەتری هەولێر
سێ هۆکار وایکردووە زێرابەکەی شەقامی 30 هەولێر تەواو نەکرێت
964+
فەهمی نەبی
پرۆژەی دروستکردنی زێرابی سندوقی شەقامی 30 مەتری هەولێر دەبوو دوو مانگ لەمەوبەر تەواو بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر سێ هۆکار دەستنیشان دەکات کە وایکردووە پڕۆژەکە دوابکەوێت.
پڕۆژەکە بڕی دوو ملیار و 429 ملیۆن و 370 هەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە، دەبوو مانگی شوباتی ئەمساڵ تەواوبکرێت، بەڵام دوو مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیووە هێشتا بەشێکی شەقامەکە وەک خۆیەتی.
964 قسەی لەگەڵ چەند دوکاندارێکی ئەو شەقامە کرد، ئەوان دەڵێن “بازاڕمان نەماوە بە تەواوی بێزار بووین، کاتێک قسە لەگەڵ بەڵێندر دەکەین دەڵێت پارەم بۆ خەرج ناکرێت”.
لە بارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەو پڕۆژەیە زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، بە 964ی وت “چەند هۆکارێک وایکرد پڕۆژەکە دوابکەوێت، لەوانە بارانبارین یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی پڕۆژەکە، بەشێکی دیکەی پەیوەندی هەبوو بە کێشەی ئەندازەیی شەقامەکە کە بۆری ئاوی خواردنەوەی لێ نزیک بووە”.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، لە بارەی هۆکاری خەرجنەکردنی پارە بۆ پڕۆژەکە وتی، “هەندێک کات بە هۆی دابەشکردنی موچە کێشەی هەبوونی پارەی نەختینە لە بانک هەبووە، بەڵام دوای دابەشکردنی موچە پارەی بۆ خەرجکراوە، رەنگە ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکان بێت”.
سیامەند کەریم وتەبێژی شارەوانیی هەولێر، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ وەرزی باران، رەتیدەکاتەوە بەڵێندەر کێشەی پارەی هەبووبێت.
ئەوەش دەڵێت، لە وەزارەتی شارەوانی هەر بەڵێندەرێک پڕۆژە دوابخات، سزای مادی دەکرێت، هەندێکجار ئەو سزایە هەتا ملیۆنێک دینار دەڕوات.
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆکاری ئەندازیاری، ئەو دەڵێت: “ئەو شوێنە چوار مەزرای دیکەی لێیە، لە ساڵی 1976 دروستکراون، ئەو مەزرایانە دەشکێنین و دوو مەزرا نوێیەکەی تێکەڵ دەکەین، بەڵام ئەو مەزرایانە 20 ساڵ دەبێت بەکارنەهاتوون و پڕبوونەتەوە، بۆیە میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی ئەو مەزرایانە کاتی پێویستە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند جارێک بەڵێندەر داوای درێژکردنەوەی کاتەکەی کردووە، مۆڵەتی پێدراوە، بەڵام هێشتا نازانرێت کەی تەواو دەکرێت.