لە حەویجە
چەکدارێکی داعش کوژرا و سێی دیکەش گەمارۆ دراون
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە حەویجە چەکدارێکی داعش کوژرا و سێی دیکەش گەمارۆ دراون.
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنوری قەزای حەویجە پەلاماری خاڵێکی پۆلیسی فیدڕاڵیان دا و پۆلیسێکیان کوشت و کامێرایەکی حەراریان تێکشکاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە پەلاماری ئەو خاڵەیان دایەوە.
سەرچاوەیەک لە هەواڵگریی سوپای عێراق بە 964ـی وت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 10.10.2026 چەکدارانی داعش جارێکی دیکە تەقەیان لە خاڵێکی پۆلیسی فیدڕاڵی کردووە لە گوندی بورغلیە سەربە ناوچەی دەنادیشی قەزای حەویجە، دواتر هەڵهاتوون بەڵام پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە سەریان و لەناو خانوویەکی ئەو سنوورە گەمارۆ دراون و چەکدارێکی داعش کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا و لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق، سێ چەکداری داعش لە ناو کێڵگەیەکی گەنمە شامی لەو سنوورە گەمارۆ دراون و شەڕ و پێکدادان بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری