وەزارەتی تەندروستی عێراق:

ئەمساڵ هەموو پێویستییەکی دەرمانی هەرێم دابین دەکەین

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت، لە بودجەی 2023دا سەرجەم پێویستیەکانی دەرمان لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە لایەن کۆمپانیای گشتی دەرمانی عێراقەوە دابین دەکرێت.

بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 19.4.2023 لە زاری ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی بڵاویکردەوە، ساڵی 2023 عێراق باشترین بودجەی دەبێت و وەزارەتی تەندروستیش دابینکردنی دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە، سڕکردن و باری لەناکاو دەکاتە خەمی سەرەکی خۆی.

ئاماژە بەوەش دراوە، حکومەتی عێراق متمانەی بە تاقیگەی هەرێم بۆ چاودێری و پشکنینی دەرمان بەخشیوە، ئەوەش ئاسانکاریی باش لە بواری دەرماندا دەکات.

ساڵانی رابردوو هەرێمی کوردستان ناو بەناو کێشەی دەرمانی بۆ دروست دەبوو، راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە کردووەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم.