عێراقییەکان لە تورکیا هەر رۆژێک پێنج خانوویان کڕیوە

964+

فەهمی نەبی

ئاماری دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا دەریدەخەن، تەنیا لەمانگی ئاداری ئەمساڵ هاوڵاتییانی عێراقی 165 خانوویان لە تورکیا کڕیوە، ئەمەش بەتێکڕایی مانگێک دەکاتە پێنج خانوو بۆ هەر رۆژێک.

دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ 18.4.2023 ئاماری کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی تورکیای بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە.

لە ساڵی 2015 عێراق لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونی تورکیا بوو، بەڵام دواتر ئێران و روسیا پلەی یەکەم و دووەمیان وەرگرت.

مانگی ئاداری ئەمساڵ لە تورکیا، روسەکان پلەی یەکەمی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە بە کڕینی هەزارو 175 خانوو، ئێرانییەکان لە پلەی دووەمدان، 427 خانوویان کڕیوە، عێراقییەکان لە پلەی سێیەم دێن، 165 خانوویان کڕیوە.
هاوکات دەستەی ئاماری تورکیا ئەوەشی راگەیاندوە، ئەستەنبوڵ لە پلەی یەکەمی ئەو شارانەیە کە زۆرترین ژمارەی خانووی لێفرۆشراوە لە مانگی ئادار، بەجۆرێک لەو مانگە 18 هەزار و 166 خانووی لێفرۆشراوە و دوای ئەویش ئەنقەرە و ئەنتالیا دێن.

لە کۆی ئەو خانوانەی لەماوەی یەک مانگدا لە تورکیا بە خەڵکی بیانی فرۆشراون ژمارەی گەیشتۆتە سێ هەزار و 415 خانوو.