پارەی حەج دیاری دەکرێت
964+
فەرمان سادق
بۆ دیاریکردنی پارەی حەجی ئەمساڵی حاجیانی عێراق و کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16.4.2023، شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و ئامانجیش لە سەردانەکە گفتوگۆیە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە حاجیانی هەرێم و تێچووی حاجیان.
پارساڵ زیاتر لە چوار هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان حەجی ماڵی خودایان کردووە و تێچووی حەجیش بۆ هەر حاجییەک 4700 دۆلاری ئەمریکی بوو.
ساڵی 2022، یەکەم ساڵی رێگەدان بوو بە گەشتی حاجیان دوای پەتای کۆرۆنا، بۆ ئەمساڵ بە قسەی شێخ راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عەمرە بێت، لەسەر ئاستی عێراق هەوڵدراوە پشکی عێراق زیاتر بکرێت.
پشکی هەرێمی کوردستان 17%ـیە لەو پشکەی بۆ عێراق دابین دەکرێت.
شێخ نیاز نەقشبەندی دەڵێت: لە بەغدا کۆبوونەوە لەسەر دیاریکردنی تێچووی حەجی ئەمساڵ لەگەڵ شێخ سامی ئەلمەسعوودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق دەکەین.
دەشڵێت: دوای گەڕانەوەمان لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نوێترین زانیاری بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین.