"سێجار خوێندنەوەی بۆ دەکرێت "
پەرلەمان لەسەر خوێندنەوەی دووەمی یاسای بودجە کۆدەبێتەوە
+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی لەسەر بودجەی عێراق بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە دواخست.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 8:30ـی شەوی یەکشەممە بەڕێوە دەچێت و کارنامەکەش تەنیا یەک خاڵ لە خۆی دەگرێت کە خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و خوێندنەوەی دووەمە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە کە دووەمین دانیشتنی پەرلەمانە.
ئومێد محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە 964ی وت، سەرۆكی ئەنجومەن بە نوسراوێك سەرجەم ئەندامانی ئاگادار كردووەتەوە سبەی شەو لە كۆبوونەوەكە ئامادەبن.
بۆ پەسندکردنی هەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق، سێجار خوێندنەوەی بۆ دەکرێت ئەوانیش خوێندنەوەی یەکەم دوای گەیشتنی پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان کە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاراستەی لیژنەی پەیوەنداری دەکات، دواتر لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا سەرنجی ئەندامانی پەرلەمان وەردەگیردرێت و جارێکی تر لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە سەرنجەکان بە راپۆرتێک هاوپێچی پڕۆژە یاسایەکە دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی سێیەم کە کۆبوونەوەی دەنگدانە لەسەر مادەکانی پڕۆژە یاسایەکە لەسەر بنەمای سەرنجەکانی ئەندامانی پەرلەمان، پاشان پەسندکردن و دەرکردنی یاسایەکە.
پرۆژەیاساکانی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 و داهاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتییدا، بە 117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار خەملێنراوە و داهاتی نا نەوتیش بە 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینار خەملێندراوە.
لێرە وردەكاری بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان بزانە