ئاسایشی هەولێر:

بەزاندنی ئارامی هەولێر هێڵی سورە

964+

فەرمان سادق

ئاسایشی هەولێر لەسەر هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند و دەڵێت: لێکۆڵینەوە بەردەوامی دەبێت و بەزاندنی ئارامی هەولێر هێڵی سوورە.

ئاسایشی هەولێر، لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر پارێزەر محەمەد یابە سۆفی دەڵێت: لێکۆڵینەوە بەردەوامە و سێ کەس دەستگیر کراون و بەزاندنی ئارامی هەولێر هێڵی سورە.

دەقی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر:

دوابەدوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەر (محەمەد یابە سۆفی) و دەستدرێژیی کرایەسەر، دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەڕێز وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە دەستگیرکران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامی دەبێت.
هاوڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و راپێچی بەردەم دادگایان دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر
15ی نیسانی 2023