دووبارە پشکنین بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دووبارە پشکنینەوە بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکرێتەوە. وەزارەتی کاروباری شەهیدان دەڵێت، ئەوانەی بەرکەوتوو نەبوون لە لیستەکە دەردەکرێن و ئەوانەی دوو موچەشیان هەبووە دانەیەکیان دەبڕدرێت.
لە ئێستادا مووچەی مانگی ئازاری ئەو بەرکەوتووانە راگیراوە. بڕیارەکەش لەژێر رۆشنایی یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020ی پەرلەمانی کوردستان دراوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، 1000 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەرێم موچە وەردەگرن.
پشکنینی سنگ و هەناسەدان، چاو و پێستیان بۆ دەکرێتەوە و هەرکەس کاریگەریی چەکی کیمیایی بەسەرەوە نەبێت لە لیستەکە دەردەهێندرێت. ئەمە وتەی عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە بۆ تۆڕی 964.
وتیشی، “ئەوانەی دوو مووچەشیان هەیە دانەیەکیان لێدەبڕدرێت”.
تۆڕی 964 دەزانێت، وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بۆ سەر ئاستی پارێزگانی هەولێر و دهۆک و لیژنەیەکیشی بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پێکهێناوە و رۆژانە بەرکەوتووەکان دەبینن و پشکنینیان بۆ دەکەن.
دوای تەواوبوونی پشکنینەکان موچە بۆ شایستەکان دەگەڕێندرێتەوە. وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وای وت.