گومرگی ھەرێمی کوردستان بڕی ناردن و ھەناردەی ئاڵتون و دۆلاری بۆ 964 ئاشکرا کرد
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
دەستەی گومرگی عێراق رێنمایی نوێی بۆ بردنە دەرەوەی دینار و دۆلار دیاریی کرد، گومرگی ھەرێمیش دەڵێت، ھەر بڕێک پارەیەک لەوە زیاتر، دەبێت لە رێگەی حەواڵەوە بێت.
بە پێی رێنمایی نوێی گومرگی، هاوڵاتی بۆی نییە لە ملیۆنێک دینار زیاتر نە داخلی عێراق بکات نە بیباتە دەرەوە، ھەروەھا هاوڵاتی عێراقی و بیانی تەنیا بۆیان هەیە تا 10 ھەزار دۆلار لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن بۆ چوونە دەرەوە و یان هاتنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 15.4.2023، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی 964ی وت، “رێنمایی گومرگی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەیە، ئەم بڕانە ستاندەرێکی جیهانیە و سەروو ئەو بڕانە دەبێت لە رێی بانک و حەواڵەوە بێت”.
ئەم رێنماییە دەچێتە بواری کرداری لە عێراق و دەروازە وشکانییەکانی ھەرێم جێبەجێ دەکرێ، بەڕێوەبەری گومرگی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی وت، “هاوڵاتی عێراقی یان بیانی رێگەپێدراوە تەنیا 250 گرام ئاڵتونی بۆ بردنە دەرەوە یاخود هێنان پێبێت”.
ھەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازەی بازرگانیی لاوەکی ھەیە، کە سەرجەمیان لە لایەن دامودەزگەکانی سەر بە گومرگی ھەرێمی کوردستان رێنمایی ھونەرییان بۆ دەردەچوێندرێت و بەڕێوەدەبرێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا