بۆكان هەورامی: لەبەر بژێویی لایڤ میوزیك دەكەم

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
هونەرمەند بۆكان هەورامی دەڵێت، “سێ بەرهەمی نوێم ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە و لایڤ میوزیكیش لەبەر بژێوی ژیان دەكەم”.

تۆڕی964 پەیوەندی بە هونەرمەند بۆكان هەورامیەوە كرد، سێ پرسیارمان لێكرد بەنوسین وەڵامی داینەوە.

بۆكان وتی: بێگومان بەرهەمی نوێم هەیە و لە چەند مانگی داهاتوا دوو بەرهەمی نوێم بڵاو دەبێتەوەو زستانیش بەرهەمێکی تر بڵاو دەکەمەوە.

سێ بەرهەمی نوێم هەیە

بۆكان هەورامی هونەرمەندێكی گەنەجە زۆربەی گۆرانیەكانی كلاسیكی كۆنی كوردین و بەشێكی زۆر لە گۆرانیەكانی عەباسی كەمەندی وتوەتەوە، گۆرانیەكانی كاردانەوەیەكی زۆری لە نێو هەوادارانی میوزیك و گۆرانی هەبووە.

پێشتر بۆكان هەورامی وتبووی، كاری لایڤ میوزك ناكەم، بەڵام 964 دەزانێت دوای ئەو قسەیە چەندین جار لە لایڤ میوزیكدا بینراوە، لێمان پرسی بۆچی دەڵێیت لایڤ میوزیك ناكەم  بەڵام كردت؟

لەبەر بژێوی ژیان لایڤ میوزیك دەكەم

بۆكان وتی: هۆكاری لایڤكردن تەنیا بابەتی مادییە، منیش وەك هەر هونەرمەندێكی دیكە دەبێت بۆ بژێوی كارێك بكەك، بەدەر لەوەش سودی تری زۆرە بۆ گۆرانیبێژ وەک ئەوەی توانای دەنگت زیاد دەبێت زیاتر ئاشنا دەبی بە مۆسیقا و مەقام و ڕیتمە جیاوازەکان .

بۆكان لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندێكی گەنجە، بەڵام شێوازی گۆرانی وتنەكەی كلاسیكە و تا ئێستا هیچ گۆرانیەكی مۆدێرنی تۆمار نەكردووە، ئەمە جێگەی پرسیاربوو لای ئێمە بۆیە لێمان پرسی

تا ئێستا هیچ گۆرانیەكی مۆدێرنی نییە

بۆكان وەڵامەكەی بەم شێوەیە بوو، بێگومان بەردەوام دەبم لەسەر شێوازی کلاسیک ئەوە شێوازو ستایلی کارکردنی منە، بەڵام دەشکرێ هەندیک جار بە ستایلی نوێ گۆرانی بڵێم لە هەردووبارەکەدا گرنگ ئەوەیە دابونەریتی کوردی پێشێل نەکەین و بەرهەمەکان گونجاوبن.

هەر بەهەمێك بگونجێت لەگەڵ دەنگمدا دەیڵێمەوە

بۆكان هەورامی سەرجەم گۆرانیەكانی كلاسیكن ، خەڵكی هەروامانە و زاتر لە چوار ساڵە گۆرانی بە شێوازی كلاسیك دەڵێت.