ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی جۆری جێلی . - وێنە: socialmedia
پێشەکییەکەی بەپێی گیرفانی مامۆستاکەیە
لە هەولێر نزیکەی 40 مامۆستا ئۆتۆمبێلیان بە قیست پێدراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە سنوری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 40 مامۆستا لە ماوەی یەک مانگدا، بەشێوەی قیست ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە و داشکاندنیان بۆ کراوە.
عیسا حوسێن، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان بە 964ی راگەیاند، نزیکەی مانگێکە دەستیانکردووە بە پێدانی پشتگیری بە مامۆستایان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەی قیست و بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ، ئۆتۆمبێلی جۆری “جیلی” بکڕن.
“هەر مامۆستایەک پشتگیری یەکێتی مامۆستایانی پێبێت، پێویستی بە تاپۆی خانوو نابێت بۆ وەرگرتنی ئۆتۆمبێل بە قیست، بەڵام بۆ سوودمەند بوون، دەبێت ئەندامی یەکێتی مامۆستایان بێت”، عیسا حوسێن وای وت.
بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و کۆمپانیای “جیلی” هەیە، نزیکەی 1،500 دۆلار داشکاندن بۆ مامۆستایان دەکرێت و ماوەی پێنج ساڵ بۆ دانەوەی قیستەکە دیاریکراوە.
“بڕی پارەی پێشەکی بەپێی گیرفانی مامۆستاکەیە و لە 10 وەرەقە کەمتر نییە، بەڵام ئەگەر زیاتر بدات لە قیستی مانگانەدا داشکاندنی بۆ دەکرێت”، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایان وا دەڵێت.
کۆمپانیای جیلی بە گەرەنتی پێنج ساڵ یاخود 150 هەزار کیلۆمەتر ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان دەفرۆشێت.
لەبارەی مامۆستایانی سوودمەندبوو لە پارێزگای سلێمانی، 964 پەیوەندیکرد بە سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەڵام ئەو وتی، “زانیاریم نییە”.