عێراق هاوردەکردنی مریشکی لە تورکیاوە راگرت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بەهۆی بڵاوبونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە، هاوردەکردنی مریشکی لە تورکیاوە راگرت، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش دەڵێت، ئەو بڕیارە دەمێکە لای ئێمە هەیە، بەڵام گومرگەکان پێیەوە پابەند نیین.

ئەمڕۆ هەینی بەشی ڤێرتەرنەری وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق ئەو بڕیارەیداوە.

سائیر سەبری، بەرپرسی بەشی پەتا لە ڤێرتەرنەری بەغدا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق راگەیاندوە، بڕیارەکە دوای بڵاوبەنەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندەیە لە چەند وڵاتێک لەنێویاندا تورکیا.

هاوکات ئەوەشی وتوە، بڕیارەکە لە 31.1.2023 دەرچووە، ئەگەر هەر مریشکێکی وڵاتی تورکیا لە بازاڕەکانی عێراق هەبێت، یان هی بەر لەدەرچوونی ئەو بڕیارەیە یان بە قاچاخ هاتووە.

هیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، بۆ 964 وتی “لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ، هاوردەکردنی مریشک لە دەرەوە بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە، بەڵام تا ئێستا گومرگەکان لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیران پێیەوە پابەند نین”.

هیوا ئەوەش دەڵێت: بەپێی راپۆرتی تەندروستی جیهانی، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی مامەڵەکردنی پەلەوەری لەگەڵیدا بەهەموو جۆرێک قەدەغەیە.

“دوای بڵاوبونەوەی ئەنفلوەنزای باڵندە ئێمە بڕیارێکی دیکەمان نارد بۆ گومرگەکان، بەڵام دیسان پێیەوە پابەند نەبوون، ئەمەش هۆکاری رێکاری باجە لەسەر بەرهەمی هاردە” هیوا عەلی ئەمەی وت.

پەتای ئەنفلەوەنزای پەلەوەر، کە بە ڤایرۆسی H5N1 ناسراوە، لەساڵی 1997 بۆیەکەمجار لە بەشێکی وڵاتانی ئاسیا تۆمارکرا، تا ئێستا ملیۆنان پەلەوەر و و هەزاران مرۆڤی کوشتووە.