لە شوێنەوارەکانی بەردەڕەش

دوو تیمی بیانی سێ ساڵە خەریکی لێکۆڵینەوەن

964+
زەید کۆچەر

سێ ساڵە دوو تیمی فەرەنسی و ئیتاڵی شوێنەوارناس خەریکی لێکۆڵینەوەن لە شوێنەوارەکانی سنوری قەزای بەردەڕەش لە دهۆک، تاوەکو ئێستا چەندین کەلوپەلی شوێنەوارییان دۆزیوەتەوە.

بە قسەی شوێنەواری ئاکرێ، لەناو دۆزراوەکاندا کەلوپەلی وای تێدایە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر.

لەوبارەیەوە، عومەر حسێن نوێنەری بەردەڕەش لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری ئاکرێ بە 964ی وت، تیمەکان ئێستا لە دەشتی ناوکۆڕ خەریکی لێکۆڵینەوەن و گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە قسەی ئەو، تیمە فەڕەنسیەکە تەنیا یەک ساڵ “ئیشی فیعلی” کردووە، بەڵام ئیتاڵیەکە سێ ساڵە بە بەردەوامی کار دەکات.

بەگوێرەی ئەو شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە، بە تایبەت لە گوندی جوجەری گەورە لە سنوری ناحیەی رۆڤیای بەردەڕەش، دەرکەوتووە کە بەدرێژایی مێژووی هەزاران ساڵی رابردوو ناوچەکە ئاوەدانی تێدابووە و ئاژەڵ بەخێوکراوە و خاکەکەی بەپیت بووە بۆ جووتکردن، ئەوە جگە لە دۆزینەوەی کەلوپەلی بیناسازی و ئێسکەپەیکەری مرۆڤە سەرەتاییەکان.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر