بەشێک لە بڕیارەکانی ئەو پیاوەی تەنیا ١٤ مانگ پارێزگار بوو

+964

هێمن بەکر- هەولێر

دوو ساڵ بەسەر گیان لەدەستدانی فرسەت سۆفی تێپەڕی، ئەو پیاوەی تەنیا ١٤ مانگ پارێزگاری هەولێر بوو، بەڵام چەندین بڕیاری کاریگەری دەرکردبوو لە سنوری دەسەڵاتی خۆیدا.

ئەو لە ١٧ی ئەیلولی ٢٠١٩ دەستبەکاربوو، بۆ ساڵی دواتر، پاش ماوەیەک ململانێی قورس لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ گیانی لەدەستدا.

لە ئێستادا، پارێزگای هەولێر خەڵاتێکی داناوە بە ناوی “دادپەروەری و دەستپاکیی فرسەت سۆفی”، کە ساڵانە دەبەخشرێت بە کەسێک، لە لایەن ماڵ و منداڵی فرسەت سۆفیەوە.

ساڵی ٢٠٢١ بەخشرا بە ئیبراهیم حسێن، کە عەریزەنوسێكی بەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێرە، بە وتەی پارێزگا، ٣٥ هەزار دۆلاری دۆزیبووەوە و گەڕاندبوویەوە بۆ خاوەنەکەی.

ساڵی ٢٠٢٢ خەڵاتەکە بۆ ژینگەپارێزێک بوو بە ناوی نەجات نادر، كه‌ کارمەندێكى گرێبەسته‌ لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەپارێزیی هەولێر، بە قسەی شارەوانی، بڕى ١٣ ملیۆن دینارى دۆزیبووەوە و گەڕاندبوویەوە بۆ خاوەنەکەی.

فرسەت سۆفی لە کاتی هاتنی کۆرۆنا پارێزگار بوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری بە مەبەستی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینکردن دەرکرد، کە لەو بارودۆخەدا وریاییەکی زۆری پێویست بوو.

یەکێک لەو بڕیارانەی لە سەردەمی خۆیدا دیار بوو، کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بوو، وەکو هەنگاوی یەکەم نۆ پرۆژەی ناو شاری هەولێری گرتەوە، بڕیاربوو دواتر سەرجەم پرۆژەکانی دیکەش بگرێتەوە.

بڕیارێکی دیکە، بێدەنگکردنی بەشێکی بەرچاو لە مۆلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری هەولێر بوو، کە بڕیاریدا هەر خاوەن مۆلیدەیەک پابەند نەبێت، مۆلیدەکەی دەدرێته خەڵکی دیكه‌.

ئەوانە و جگە لە چەندین بڕیاری تری وەکو بڕینی زیادەڕۆی کارەبا، ئەو دەیوت سەدا ٢٠ی کارەبای هەولێر دەدزرێت.

لەو ١٤ مانگەدا، ئەو پارێزگارە بڕیاری کاریگەری دەدا و بەنیازیش بوو زیاتر هەنگاو بنێت، بەڵام کۆرۆنا رێگەی نەدا، بە قسەی نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستانیش بێت، فرسەت سۆفی کاتێک کە گیانی لەدەستداوە، هێشتا قەرزی خانووەکەی لەسەر بووە.