دوای هەفتەیەک
باران هەوای هەولێری پاککردۆتەوە
964+
فەهمی نەبی
بەگوێرەی ئەو خوێندنەوەیە بێت کە ئەپڵیکەیشنی IQAir بۆ کەشوهەوای شارەکان دەیکات، بەراورد بە هەفتەیەک رێژەی پیسی هەوای هەولێر 13 پلە دابەزیوە.
هەفتەی رابردوو لە رۆژی هەینی رێژەی پیسی هەوای هەولێر دابەزی بوو بۆ 33 پلە، بەڵام دوای ئەو شەپۆلە باران بارینەی رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ هەینی ئاستی پیسی هەوای هەولێر دابەزیوە بۆ 21 پلە.
بە گوێرەی ئەو ئەپڵیکەیشنە، رادەی پیسی هەوا ئەگەر رێژەکەی لەنێوان ژمارە یەک بۆ 50 بوو گونجاوە، بەڵام لە ژمارە 51 بۆ 100 مامناوەندە، لە 101 بۆ 150 گونجاو نیە بۆ ئەوانەی هەستیاریان هەیە بە تایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی هەناسەتەنگیان هەیە، لە 151 بۆ 200 نا تەندروستە و پێویستە ماسک بەکاربێنیت و گونجاونیە بۆ ژیان.
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند مانگی رابردوو، رێژەی پیسی هەوای هەولێر دەگەیشتە سەرووی 180 پلە.
پسپۆڕانی ژینگە هۆکاری پیسی هەوای شارەکان بۆ زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێڵ و کارگە و مۆلیدەکان دەگەڕێننەوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بێت، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێڵ تۆمارکراون.