باو باران کێشەی بۆ کارەبا و ئاوی خەبات دروستکردووە
964+
سەعید محەمەد – خەبات
لە دوای هاتنی باوبرانێکی زۆر لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بەشێکی زۆر لە کارەبای بیرەکانی ئاو پچران و عاموودەکان شکاون، ئەوەش بووەتە هۆی پچرانی ئاو لە بەشێک لە گەڕەکانی خەبات بە تایبەتی ئەو گەڕەکانەی ئاوی بیریان هەیە.
توانا عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی خەبات بە 964ی راگەیاند: بەهۆی ئەم باو بارانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بووە، بەشێک لە گەڕەکانی خەبات ئاویان نەماوە بە تایبەتی ئەوانەی ئاوی بیریان هەیە، چونکە کارەباکانیان پچراوە و عاموودەکان شکاون.
وتیشی، تیمەکانیان بەردەوامن لە چاککردنەوەی کارەبای بیرەکان و گەڕانەوەی ئاو بۆ گەرەکەکان، لە هەوڵدان کارەبای بیرەکان بگوازنەوە بۆ سەر کارەبای ماڵان تا ئاو بۆ گەڕەکەکان بگەرێتەوە.
ئەردەڵان کاوێز، بەڕێوەبەری کارەبای خەبات بە 964ی راگەیاند: ئەمرۆ عامودی نوێمان لە شوێنی کۆنەکان داناوە، بەڵام رۆژێکی پێویستە تا شوێنی قایم دەبێت، دواتر وایەری کارەباکە چاک دەکەنەوە و کارەبا بۆ بیرەکان دەگەڕێتەوە.
لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 90 ملم باران باریوە لە سنوری قەزای خەبات لە زۆربەی شوێنەکانی لافاو دروست بوون و زیانی بە ماڵ وئۆتۆمبێل و کارەبا گەیاندووە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی