گوندنشینانى هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان لە مەترسییەکانی مین ھۆشیاردەکرێنەوە

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌زگاى كاروبارى مین له‌هه‌رێمی كوردستان هۆشیاری ده‌داته‌ گوندنشینان بۆ ئه‌وه‌ى له‌مه‌ترسییه‌كانى مین و ته‌قه‌مه‌نى پارێزراو بن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌كنیكی ئه‌و ده‌زگەیه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌رده‌وامه ‌و ئێستاش له ‌سنوورى هه‌ڵه‌بجه ‌و گه‌رمیاندا كارى له‌سه‌رده‌كرێت.

عه‌لى حه‌مه‌ده‌مین، به‌رێوه‌به‌رى گشتیی كاروبارى ته‌كنیکى له‌ ده‌زگەى مین، به‌ 964ـى راگه‌یاند، هه‌ڵمه‌تى هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكی گوندنشینان هه‌ڵمه‌تێكی به‌رده‌وامه ‌و هه‌رجارەى‌ له‌ به‌شێكى هه‌رێمی كوردستاندا كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، وتیشی “به‌ تایبه‌ت كارى هۆشیاركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت كه‌ مه‌ترسی مین و ته‌قه‌مه‌نى هه‌یه‌”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ده‌زگەكه‌یان له‌ رێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانه‌وه‌ له‌ سنووره‌كانیان كار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كه‌ن، وتیشی “هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ رێگه‌ى پێدانى لفلێت و پڕۆشور و نامیلکە و پۆستەری تایبەت ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ ئه‌و پێداویستیانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسان بۆ گوندنشینان روونكراوه‌ته‌وه‌ و پێیان ده‌درێت”.

وتیشی “سه‌ردانى تیمه‌كانیشمان بۆ قوتابخانه‌كان و پێدانى هۆشیارى بۆ قوتابیانى به‌رده‌وامه‌”.