حسێن حەسەن و براکەی لەنێو دووکانی ترشی دهۆک سەرقاڵی ئامادەکردن و فرۆشتنی ترشیاتن. وێنە/+964

کەم کەس هەیە لە دهۆک ترشیاتەکەی نەخواردبێت

964+

هێڤی – دهۆک

ڤیدیۆ

دوکانێکی ترشیات هەیە لە دهۆک هێندە کۆنە کەم کەس هەیە لەو دەڤەرە لە بەرهەمەکەی نەخواردبێت، بە یەکەم ترشیاتخانەی شارەکە دادەنرێت.

ترشی دهۆک ماوەی ٤٠ ساڵە ترشیات دروست دەکات، حسێن حەسەن خاوەنی ترشیاتخانەکەیە و دەڵێت دوکانەکەیان لە باو و باپیرانیانەوە بۆ ماوەتەوە.

ئێستا حسێن حەسەن و براکەی پێکەوە دوکانەکە بەڕێوەدەبەن، دەڵێن تامی ترشیاتەکەیان هەر ئەو تامەیە کە لە ساڵی هەشتاکان هەیبووە.

پێشتر دوکانی ترشی دهۆک لە بەرامبەر سینەما نەورۆز بوو، ئێستا شوێنەکەی گواستووەتەوە بۆ ناوەندی شار.

حسێن حەسەن دەڵێت، چوار جۆر ترشیاتیان هەیە، زەرد و سوور کە بە خەل دروست دەکرێن و نرخی هەر کیلۆیەکیان سێ هەزار دینارە و دوو جۆری دیکەش هەن کە یەکێکیان شیرینە و ئەوی دیکەیان بە هەنار دروست دەکرێت و بۆ هەر کیلۆیەک سێ هەزار و ٥٠٠ دینار وەردەگرن.

زۆربەی کڕیارەکانی ترشی دهۆک ناوخۆیین، بەڵام لە بەغدا و بەسرە و هەندێکجار لە تورکیا و ئەڵمانیاش داوای ترشیاتەکەی ترشی دهۆک دەکرێت، حسێن وای وت.