شەپۆلی سەرمایەکە نرخی نەوتی لەهەولێرو هەڵەبجەو رانیە بەرز نەکردەوە

دهۆک و سلێمانی نرخەکە هەڵکشا

+964

ئەو شەپۆڵی باران بارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە دهۆک و سلێمانی نرخی نەوتی بەرزکردەوە، بەڵام لە هەولێرو هەڵەبجەو رانیە  نرخەکە وەک خۆیەتی.

بەپێی بەدواداچوونێکی پەیامنێرانی +964 لەسەر ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە پارێزگای دهۆک بەرمیلێک نەوت لە ٢٦٠ هەزارەوە گران بووە بۆ ٢٧٠ هەزار، بەڵام لە سلێمانی دوو هەزاری چووەتەسەرو لە ٢٤٨ هەزارەوە بووە بە ٢٥٠ هەزار.

لە هەولێرو هەڵەبجە، پێش ئەو شەپۆڵەی سەرمایە نرخی بەرمیلێک نەوت ٢٥٠ هەزار بووەو، نرخەکەش وەک خۆی ماوەتەوە.

سەرباز حاجی کەریم، خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا بۆ کڕین و فرۆشتنی سووتەمەنی بە +964 راگەیاند، هۆکاری گرانتر نەبوونی نرخی نەوت، پەیوەندارە بە چاوەڕوانی خەڵک لە وەرگرتنی بەشە نەوت کە ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، زیاتر وتی “هێشتاش کەشەکە زۆر ساردی نەکردووەو دانیشتووانی ناو شارەکان زۆپایان دانەگیرساندووە، بۆیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەوە روون دەبێتەوە کە نرخەکە هەڵدەکشێ یان وەک خۆی دەمێنێتەوە”.

بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر کە ناوچەیەکی شاخاوییەو، سەر بە ئیدارەی راپەڕینە، هەفتەی رابردوو لە پەیجی قایمقامیەت بڵاوی کردەوە کە بەم نزیکانە دەستدەکەن بە دابەشکردنی نەوت.

ئەو نرخەی لە هەولێرو هەڵەبجە هەیە، لە ئیدارەی راپەڕینیش هەیەو ئەو شەپۆڵی سەرمایە کە وەک کەشناسی ئاماژەی پێدا ئەگەری دروستبوونی لافاوی هەبوو لە هەولێرو دهۆک.

پەیامنێری +964 لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٢٥٠ هەزار دینارەو، لە ماوەی مانگی رابردوودا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر نرخەکە نەهاتووە.