لە کەرکوک دابەشکردنی بەنزینی 450 دیناری کێشەی تێکەوت
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک دابەشکردنی بەنزینی حکومیی 450 دیناری لە 39 بەنزینخانەی شارەکە، بەشێوەیەکی کاتی راگیرا.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، بە تۆڕی 964ی وت، ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی کێشە لە سیستمی تایبەت بە چاودێری ئەلیکترۆنی، دابەشکردنی ئەو جۆرەی بەنزین راگیراوە.
ئەمساڵ ئەمە چوارەم جارە لە کەرکوک دابەشکردنی بەنزینی 450 دیناری کێشەی تێدەکەوێت و رادەگیرێت، بە وتەی بەرپرسانی پارێزگاکەش ئەمە پەیوەندی بە تۆڕی ناوەندی بەغداوە هەیە.
“لە کەرکوک هیچ کێشەیەکی کەمی بەنزینمان نیە و هەرکاتێک سیستەمەکە چاکبکرێت، دەست بە دابەشکردن دەکرێتەوە”، ئەو سەرچاوەیەی بەرێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک وای وت.
لە کەرکوک هاوڵاتیان بەنزینی 450 دینار بە کۆبۆن وەردەگرن، هەر کۆبۆنێک بۆ پێنج رۆژ و بۆ وەرگرتنی 50 لیتر بەنزین بەکاردێت.