شارەوانیی سلێمانی داهات کۆدەکاتەوە
لەمەودوا شارەوانی سلێمانی خۆی داهات کۆدەکاتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانی سلێمانی لە لایەن کۆمپانیای تایبەتەوە هەڵوەشاندەوە، لەمەودوا دەبێت خۆی ئەو کارە بکات.
ئەنجوومەنەکە لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا بڕیارەکەی داوە و هەفتەی داهاتوو ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری دەکات.
بەرزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964+ی وت، “ئەگەر شارەوانی خۆی کارەکە بکات ئاسانتر و کەمتر لەسەری دەکەوێت و بۆ ئەوەش تەیا پێویستی بە ٧٠ کارمەندە کە ئێمە لەگەڵ بڕیارەکە داوامان کردووە بۆیان دابمەزرێندرێت”.
پێشتر و تاوەکو ئێستاش، کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانی سلێمانی دراوەتە پێنج کۆمپانیا و بەسەر حەوت ناوچە دابەشکراوە.
ساڵی رابردوو، بە دیاریکراوی لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، دادگای سلێمانی بڕیای نایاساییبوونی ئەو کۆمپانیایانەی دەرکرد و لە مانگی ئازاری ئەمساڵیش بڕیاری کۆتایی پێدا.
“ئێستا گرێبەستی چوار کۆمپانیایان تەواو بووە، یەک دانەیان ماوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانە و هیچ کۆمپانیای تر جارێکی تر ناتوانن ئەو گرێبەستە بکەنەوە و دەبێت شارەوانی خۆی داهاتەکانی کۆبکاتەوە”، بەرزان حامید وای وت.
بە پێی بڕیاری ژمارە ١٣٩ـی ساڵی ١٩٦٣ـی شارەوانییەکان، رێگە بە شارەوانییەکان دراوە کە دەتوانن خۆیان یان کۆمپانیا داهاتەکان کۆبکەنەوە.