ماسی کەم بووەتەوە

ماسی بەشی سلێمانی ناکات

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

وێنە و ڤیدیۆ

جگە لە بەرهەمی ناوخۆ، لە سلێمانی بۆ هەر مانگێک بڕی ٤٠٠ تاوەکو ٦٠٠ تۆن ماسی هاوردە دەکرێت، کەچی هێشتا بەش ناکات، ئەمە بە قسەی سامانی ئاژەڵ و ماسیفرۆشانی شارەکە.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی سلێمانی، جگە لە ٨٠ پرۆژەی ماسیی رێگەپیدراو لە جۆرەکانی کارب و سەلەموون، هاوکات دەیان پڕۆژەی تری بێ مۆڵەتیش بوونیان هەیە.

ئاوات ستار، ماسیفرۆشێکی سلێمانیە، بە 964+ی وت، ئەم وەرزە خواست لەسەر ماسی زیادیکردووە، بەڵام بێبارانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لەناو پڕۆژەکان بڕی ماسیی کەم کردووەتەوە.

بە سۆراغی 964+، لە ئێستادا و بۆ پڕکردنەوەی بڕی پێویستی ماسی لە شاری سلێمانی، رێگە بە هەر کەسێک دراوە هاوردەی بکات و تەنانەت گومرگیشی لەسەر هەڵگیراوە.

جەمال حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی سلێمانی بۆ 964+ی باسکرد، “داهاتێکی روونمان نییە بۆ بەرهەمی ناوخۆ، چونکە سەرەڕای ئەو ٨٠ کێڵگە فەرمییەی هەمانە، دەیانی تری نافەرمی هەیە و هەرچی لە عێراقیشەوە دێت تۆمار ناکرێت.”

ئەو وتی، مانگانە ٤٠٠ تاوەکو ٦٠٠ تۆن ماسی لە سلێمانی هاوردە دەکرێت، ئێستاش گومرگ لەسەری هەڵگیراوە و هەرکەسێک دەتوانێت بیهێنێت بە مەرجێک لە پشکنین دەربچێت.

بە قسەی ماسیفرۆشەکان، ماسی چەم بزە، قاشنە، سمێڵە، سوورە و کارب باوترین جۆرەکانن کە خەڵکی دەیکڕن.

964+ دەزانێت، نرخی ماسی بەپێی بچوکی و گەورەیی قەبارەکەی نرخەکەی لە کیلۆی چوار هەزارەوە بۆ شەش هەزار دەگۆڕێت، بەڵام ماسی دەریایی بەپێی جۆرەکەی یەک کیلۆی لە هەشت هەزار بۆ ١٢ هەزار دینارە.