خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی سۆران دار دەچێنن.

بەرمیلێک نەوت بەهانای ژینگەی سۆران نایەت

زۆربەی دارەکانی سۆران لەنێو زۆپا دەسووتێن

+وێنە

میدیازان – ئاسۆ وەرتی – سۆران

ئەو نەوتەی حکومەت دابەشیدەکات بەشی سەرما سەختەکەی سۆران ناکات، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە بۆ خۆگەرمکردنەوە پەنا دەبەنە بەر دار بڕینەوە و زستانان دارێکی زۆری ئەو سنوورە لەنێو زۆپا دەسووتێت.

لەدوێنێوە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی چاندنی یەک ملیۆن داری دەست پێکردووە، بەڵام ئەو خەڵکەی لەسۆرانن ئەم هەواڵە نایانبزوێنێ، چونکە بۆ ئەوان واباشترە لەبری چاندنی دار، حکومەت نەهێڵێ دارەکانی ئێستا بفەوتێن.

لەسۆران ئەو دارانەی ئێستا خەڵک کەوتووەتە وێزەیان و دەیانبڕنەوە تیایاندایە تەمەنی نزیک بووەتەوە لە دووسەد ساڵ.

هەژار ماهیر سەرۆکی رێکخراوی وار، کە رێکخراوێکی تایبەتمەندە لەبواری ژینگە لەسۆران بە ٩٦٤ی وت ‘بەرمیلێک نەوت بەهانای ژینگەی سۆران و باڵەکایەتی نایەت، حوکمەت لەجێی هەڵمەتی دار چاندنی ملیۆنی باشترە هەڵمەتی دابەشکردنی نەوت رابگەیەنێت’.

قەزای سۆران ناوچەیەکی شاخاویەو وەرزی زستان تێیدا سەختە، خەڵکی قەزاکە دەڵێن هەر خێزانێک پیویستی بە پێنج بەرمیل نەوت هەیە تاکو وەرزی سەرما تێدەپەڕێنێت.

نزیکەی ٨٠ هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکانی سۆراندا دەژین و تا ئێستا دابەشکردنی نەوت لەو قەزایە بەردەوامە و هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتیان بە ١٠٣ هەزار دینار پێدەدرێت.

لەو ملیۆن دارەی حکومەت رایگەیاندووە، ١٠ هەزار نەمام بەر سۆران دەکەوێت، تاوەکو ئێستا ٣ هەزار و ٥٠٠ دار چێندراون، بەڵام لەولاوە بە سەدان داری بەڕووی ناوچە شاخاوییەکان کەوتونەتە بەر مشارو تەوراسی داربڕەکان و ئاگری زۆپا دارەکانی سۆرانیان پێ گەرم دەکرێت.