ماڵ بە ماڵ خۆبەخشانە پشکنین بۆ هاوڵاتیان دەکەن

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

هێمن و بەختیار دوو گەنجی هەڵەبجەن کە ماوەی دوو ساڵە خۆبەخشانە و ماڵ بە ماڵ پشکنینی پزیشکی بۆ نەخۆش و کەسانی بەتەمەن دەکەن لە شارەکەیاندا.

ئەوان کارمەندی تەندروستی هەڵەبجەن و رۆژانە لە پاش دەوامی خۆیان، تیمێکی خۆبەخشییان دروستکردووە و دەڕۆنە ئەو ماڵانەی نەخۆش و پیر و پەککەوتەیان هەیە و سامپڵیان لێوەردەگرن و دەڕۆن لە تاقیگەکانی ناو بازاڕ پشکنینیان بۆ دەکەن و دەیبەنەوە ماڵەوە، بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە کەسەکە وەربگرن.

بەختیار ئەحمەد، یەکێک لە گەنجەکان بە 964ی وت، “ئێمە ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەم گروپە خۆبەخشە خزمەتکردنی پارێزگاکەمانە کە دوای دەوامی خۆمان لە تەندروستی هەڵەبجە بتوانین بە ناو کوچە و کۆڵانەکاندا بگەڕێین تا بچین بە هانای ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتیە”.

وتیشی، کە هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرن لە بەرامبەر ماندووبوونەکەیاندا، تەنیا پارەی پشکنینەکە وەردەگرنەوە، “تاقیگەکان داشکاندنیان بۆ کردووین”.

پێداچوونەوە؛ توانا نەقی