نەوتفرۆشێک: زیاتر هەرزان دەبێت

نرخی بەرمیلێک نەوتی ماڵان 40 هەزار دیناری لێبووەتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا 40 هەزار دینار هەرزان بووە. نرخی بەرمیلێک نەوت لە ئێستادا 185 هەزار دینارە.

هۆکارێکی هەرزانبوونەکەی کۆتاییهاتنی وەرزی سەرمایە، کە خواستی هاوڵاتیان لەسەر کڕینی نەوت کەمتر بووەتەوە.

زستان و پاییزی هەموو ساڵێک نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە. لە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2022 نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 300 هەزار دینار و تا کۆتایی مانگی شوباتی 2023ـش نرخی بەرمیلێک بە 225 هەزار دینار بوو.

بڕوا سابیر، خاوەنی نەوتفرۆشی سپی لە شاری سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: نرخی نەوت زیاتر دادەبەزێت، چونکە خواستی هاوڵاتیان لەسەر نەوت بەهۆی وەرزگۆڕینەوە بەردەوام کەم دەکات.

وتیشی، “لەناو نەوتفرۆشەکاندا ئەو دەنگۆیەش هەیە حکومەتی عێراقی لەمەودوا نەوتی هەرێم خۆی هەناردەی دەکات و نەوتی سپی بۆ دابەشکردن بەسەر هاوڵاتیاندا دەنێرێتە کوردستان و ئەوەش تا رادەیەک نرخی کەمکردووەتەوە”.