چارەنووسی ٢٠٠ ملیارەکە نادیارە
چارەنوسی ٢٠٠ ملیار دینارەکە نادیارە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەگەرچی وا بڵاوکرایەوە عێراق رازیبووە بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت “ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە”.
دوێنێ سێشەممە، ژمارەیەک میدیا بڵاویانکردەوە، گوایە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەی وتویەتی، “بەغدا رازی بووە بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە و لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەینێرێت”.
لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دارایی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەكی نوێ لەنێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نییە و نەبووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، دەبێت هەموو مانگێک بەغدا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢ تەنیا دوو جار پارەکەی ناردووە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە 964+ی وت، “هیچ شتێکی یەکلاییکەرەوە سەبارەت بە ٢٠٠ ملیار دینارەکە نییە و ئێمەش داوای روونکردنەوەمان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەو پرسە”.
لەلایەکی دیکە، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قسەی بۆ 964+ کرد سەبارەت بەو بابەتە.
ئەو وتی، ئەگەر بڕیار بدرێت ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بنێردرێت، ئەوا “بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکەوە دزە ناکات، بەڵکو بە ئاشکرا سەرۆکوەزیران یان وەزیری دارایی دەیڵێت”.