وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی:

نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستان لە دابەزینی بەردەوامدایە و وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی دەڵێت، هەتا جەژنی رەمەزان نرخی 100 دۆلار تا 140 بۆ 145  هەزار دینار دادەبەزێت.

ئەمڕۆ شەممە 8.4.2023 نرخی دۆلار بۆ هەر 100 دۆلارێک لەنێوان 146 هەزار و 500 دینار بۆ 147 هەزار و 500 دیناردا بووە.

تۆڕی 964 سۆراغی ئەوەی کردووە، لە ماوەی مانگێکدا هەر 100 دۆلارێک زیاتر لە 11  هەزار دیناری لێبووەتەوە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، دابەزینی نرخی دۆلار بۆ دابینکردنی دۆلاری پێویست بۆ بازرگانان و حەواڵەکردن، خستنەڕووی دۆلارێکی زۆری رۆژانە و دەرکردنی ماستەرکارت دەگەڕێتەوە، کە هاوڵاتیان دەتوانن پارەی بە نرخی بانکی ناوەندی لە بانکەکان پێڕابکێشن.

بانکی ناوەندی عێراق نرخی هەر 100 دۆلارێکی بە 132 هەزار دینار دیاری کردووە بەو نرخەش دەیداتە هاوڵاتیان و بازرگانان.

بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی 964، بانکی ناوەندی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بڕی دوو ملیار و 26 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە. مانگی شوبات رێژەکە بۆ دوو ملیار و 664 ملیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە و لە مانگی ئازاریشدا بانکەکە سێ ملیار و 902 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.

ئەگەر هیچ کێشە و گرفتێکی سیاسی نەیەتەپێشەوە، تا جەژنی رەمەزان نرخی 100 دۆلار بۆ 140 تا 145 هەزار دینار دادەبەزێت. ئەوە بە وتەی جەبار گۆران.