ژووری بازرگانی سلێمانی: راگرتنی گەشتەکان جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی خاوکردوەتەوە

964+

فەهمی نەبی

ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بە هۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا، جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی خاوبۆتەوە و هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەردەوامی کاریگەری نەخوازراوی دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە ماڵپەڕی ژووری بازرگانی راگەیاندووە، بەهۆی ئەو رێگریانەی هێڵی ئاسمانی تورکیا کردویەتی کە ناهێڵێت فڕۆکەی وڵاتانی تر بە ئاسمانی تورکیاوە بگەنە فڕۆکەی سلێمانی جوڵەی بازرگانی لەو پاریزگایە خاوکردۆتەوە.

هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، بەهۆی راگرتنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی تورکیا، ئەو خۆراک و کەلوپەلانەی لە وڵاتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا دەهاتنە کارگۆی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشتر دەهاتنە تورکیا، ئێستا ئەمانەش راگیراون.

بە وتەی سیروان محەمەد “ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کۆمەڵێک وەکالەتی خۆراکیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا هەیە، ئەو خۆراکانەی بە فڕۆکە دەهاتنە سلێمانی و دواتر بەسەر پارێزگاکانی عێراق دابەشدەکران، بەهۆی وەستانی ئەو گەشتانە گەشتکردنی بازرگانانی پارێزگای سلێمانی قورس کردووە”.

رۆژی 3.4.2023 دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا، راگرتنی گەشتەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیاند، دواتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، راگرتنی گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ زیادبوونی چالاکیەکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە لەو پارێزگایە.