برنجی ئاکرێ عێراقییەکان کۆ دەکاتەوە

بەرهەمی ئەمساڵ ١١ هەزار تۆن بووەو سێ هێندە زیدای کردووە

964+

عەمار عەزیز- دهۆک

برنجی ئاکرێ، بەناوبانگترین برنجی عێراق و کوردستانە، ساڵانە لە سەرتاسەری عێراق بۆ ئەو برنجە روو لە ئاکرێ دەکرێ و، ئەمەش وایکردووە جوتیارانی ناوچەکە برنجی زۆرتر بچێنن.

فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری چاندن لە قەزای ئاکرێ بە میدیازان دەڵێ، ئەمساڵ لەسنوری قەزای ئاکرێ رووبەری نۆ هەزار و١٥ دۆنم برنج چاندراوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو سێ هێندە زیادی کردووە کە سێ هەزار ٢٧٤ دۆنم چێنرا بوو.

“هەر دۆنمێکی چێنراو، یەک تۆن و ٢٥٠ هەزار برنج بەرهەم دێنێت، بەگشتی بەرهەمی ئەمساڵ نزیکەی ١١ هەزار تۆن بوو”. فازڵ مستەفا وای وت.

برنجی ئاکرێ لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان بەناوبانگترینە، خاوەن تام و رەنگ و بۆنی تایبەتە، ئەمەش وایکردووە خواستی زۆری لەسەر بێت و ساڵانە خەڵکی پارێزگاکانی هەرێم و عێراق رووی لێ بکەن.

+964 دەزانێت، لە ئاکرێ چوار جۆری چەڵتوک دەچێنرێت، شەش مانگی، تحالف، کەسنەدیتی، عەمبەر، نڕخەکانیشیان لە بازاڕدا جیاوازن. برنجی شەش مانگی کێلوی بە سێ هەزارە، تحالف لەنێوان دوو بۆ دوو هەزارو ٥٠٠ دینار، کەسنەدیتی دوو هەزاره، عەمبەر دوو جۆری هەیە ئەوانیش بۆندارو سەدری کە نرخەکانیان دەگاتە چوار بۆ پێنج هەزار.

فازڵ مستەفا وتیشی”ساڵانە بەپێی ئەو پارەی لەبەردەستمانە هاوکاری جوتیاران دەکەین لەرووی کۆنکرێتکردنی چەند شوێنێک تاوەکو جوتیاران لەو شوێنانە چەڵتوکی خۆیان لەمەکینە بکەن و سپی بکەنەوە، هەروەها چەند خول دەکەینەوە بۆ چاندنی چەڵتوک و  کارئاسانیشیان بۆ دەکەین بۆ رەوانکردنی برنج بۆ پارێزگاکانی عیراق و سلێمانی، تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش”.