کۆیە.. منداڵێکی هەشت ساڵان بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا

ئەمە دووەمین حالەتە لە ٤٨ کاتژمێردا

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

لە كۆیە منداڵێك بە جەڵتەی دڵ گیانی لە دەستدا، تەندروستی کۆیەش دەڵێ ١١ ساڵە حەلتی لەمجۆرە رووید نەداوە.

درەنگانی شەوی رابردوو، تەمەن هەرێمی هەشت ساڵان دەگەیدرێتە نەخۆشخانەی كۆیە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداو، پزیشکەکەنیش دەڵێن هۆکارەکەی جەڵتەی دڵ بووە.

گیان لەدەستدانی تەمەن هەرێم بە جەڵتەی دڵ، لە کاتێکدایە هەر دوێنێ لە دهۆكیش منداڵێكی چوار ساڵان بە جەڵتەی مێشك گیانی لەدەستدا بوو.

دكتۆر كامەران شێخانی، بەڕێوبەری تەندروستی كۆیە لەبارەی گیانلەدەستدانی تەمەن هەرێم بۆ +964 ، وتی “ئەمە یەکەم حاڵەتە لە ١١ ساڵی رابردوودا كە منداڵێك بە جەڵتەی دڵ بمرێت،  بەڵام دیاردەی جەڵتە لە گەنجاندا رووی لە زیادبوون كردووە”.

هەر لەبارەی جەڵتەی مێشک و دڵ لە منداڵاندا، دكتۆر نزار بەكر بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی دهۆك بە +964ی راگەیاند، لە ١٠ مانگی رابردوودا پێنج تا ١٠ حالەتی جەڵتە لە منداڵان تۆمار کراوە.

دکتۆر نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان دەڵێ، بەشی زۆری ئەو منداڵانەی جەڵتەی مێشک یان دڵ لێیان دەدات، منداڵی ناکام و، ئەوانەن کە نەخۆشی دڵ یان پیسی خوێن، یانیش کەمی خوێنیان هەیە.

“جەڵتە بەگشتی چەند هۆكارێكی هەیە، وەستانی دەمارەكانی دڵ و مەینی خوێن لە دەمارەكاندا و هەروەها تەسكی بۆریەكانی گەیاندنی خوێن بۆ بەشەكانی لەش هۆكاری سەرەكی رووودانی جەڵتەن، ئەوە لە گەنجاندا رووی لە زیادبوون كردووە بەڵام لە منداڵاندا كەمە بۆیە گرنگە توێكارییان بۆ بكرێت تاوەکو هۆكارە سەرەكییەكان دەستنیشان بکرێن. دكتۆر كامەران شێخانی وای وت