لەمەودوا بە مۆرە نوێیەکە گۆشت بکڕە

کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی مۆرەکەی دەگۆڕێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بۆ رێگریکردن لە ساختەکردنی مۆر و ساغکردنەوەی گۆشتی خراپبوو پێی، کوشتارگەی نوێی سلێمانی مۆرەکەی دەگۆڕێت و لە رێگەی 964ـیشەوە بەراوردی مۆرە کۆن و نوێیەکە بۆ هاوڵاتیان روون دەکاتەوە.

کوشتارگەکە لە دوێنێ چوارشەممە 5.4.2023ـەوە بەو مۆرە گۆشتی خستووەتە بازاڕەوە.

تۆڕی 964 دەزانێت، پێشتر چەند بازرگانێک مۆری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانیان ساختەکردبوو و گۆشتی ئاژەڵی نەخۆشیان پێ ساغکردبووەوە.

مۆرە کۆنەکەی کۆشتارگەکە لاکێشەیی بوو و لە دوو ژمارە و پیتێک پێکهاتبوو، کە رۆژانە گۆڕانکاری تێدادەکرا.

بەڵام مۆرە نوێیەکە بازنەییە و لۆگۆیەکی کوشتارگە بە ناوەڕاستیەوەیەتی، لەسەرەوەی مۆرەکە نووسراوە کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی و لە خوارەوەش پیتەکانی B.V.S هەیە، کە ئاماژەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریە و پیتێک و ژمارەیەکیش لە مۆرەکەدا هەیە، کە رۆژانە دەگۆڕدرێن و نهێنییە. ئەمە بە پێی وتەی شاڵاو عارف، پزیشکی ڤێتێرنەری کوشتارگەی هاوچەرخی سلێمانی، کە بۆ 964ـی روونکردەوە.

وتیشی، “بەو مۆرە دەتوانین ساغکردنەوەی گۆشتی ناتەندروست بە رێژەیەکی باش سنووردار بکەین”.

کوشتارگەی نوێی سلێمانی ئێستا رۆژانە 35 تا 40 تۆن گۆشت دابین دەکات.