لە خاکی سوریا کرایە ئامانج
والی تورکیای رێکخراوی داعش کوژرا
964+
فەهمی نەبی
دەزگای هەواڵگری عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە والی تورکیای رێکخراوی داعش بە ناوی یەعقوب مەهاجیر بکوژن، بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی دەزگای هەواڵگری، ناوبراو یەکێک لە مەترسیدارترین بەرپرسەکانی ئەو رێکخراوە بووە.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ 5.4.2023 لە راگەیەنراوێک کوژرانی ئەو بەرپرسەی رێکخراوی داعشی لە پارێزگای ئیدلیب لەنێو خاکی سوریا راگەیاند.
بەرپرسەکە ناوی خالید عاید ئەحمەد جبوری بووە و لە ناو رێکخراوی داعش نازناوی یەعقوب مەهاجیری هەبووە، پێشتر لە رێکخراوی قاعیدە بەرپرسیاریەتی هەبووە.
ئەو پۆستانەی کە یەعقوب مەهاجیر هەیبووە، بەرپرسی سەربازی ناوچەکانی دەرەوەی پارێزگای نەینەوا بوو، دواتر بووەتە بەرپرسی ویلایەتی باکوور و رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، دوایەمین پۆستیشی والی تورکیای ئەو رێکخراوە بووە.
بەپێی هەواڵەکەی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی عێراق، “یەعقوب مەهاجیر بە نیازی ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستی بووە لە ئەوروپا”.
رێکخراوی داعش، کە وەک رێکخراوێکی ترسناکی تیرۆریستی ناسراوە، لە ساڵی 2004 وەک بەشێک لە رێکخراوی قاعیدە چالاکیان لە عێراق ئەنجام دەدا، بەڵام لە ساڵی 2014 وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ لە ژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام خۆی راگەیاند و بەشی زۆری ناوچە سوونییەکانی خاکی عێراقی خستە ژیر رکێفی خۆی.