پڵنگە دەگمەنەکەی باتیفا سەلامەتە و لە باخچەی ئاژەڵانی دهۆکە

964+
شیڤان عەبدوڵا

لە رێکەوتی 29.12.2021 لە قەزای باتیفای سنووری ئیدارەی زاخۆ، پڵنگێک بە تەڵەی پیاوێکی ئاژەڵدارەوە بوو کە بۆ گورگی دانابووەوە.

بەپێی گێڕانەوەکان، کاتێک هەوڵیانداوە رزگاری بکەن، پڵنگەکە دوو کەسی بریندارکردووە و هەر بە تەڵەکەی قاچیشیەوە رایکردووە و چەند رۆژێک بەو حاڵەوە سووڕاوەتەوە کە بووە هۆی ئەوەی یەکێک لە قاچەکانی ببڕدرێتەوە.

بە قسەی شایەتحاڵەکان، پڵنگەکە نێرەیە و ئێستا تەمەنی حەوت ساڵ دەبێت.

جەمال سەعدۆ، عەمید لە فەرمانگەی هێزی ژینگەی دهۆک بە 964ی وت، ئەو پڵنگە یەکێکە لە گیاندارە دەگمەنەکانی جیهان و شارەزایانی بواری ژینگە و ئاژەڵە دەگمەنەکان دەڵێن، “رەنگە نیشتیمانە رەسەنەکەی روسیا بێت”.

وتیشی، هەوڵێک هەبووە بۆ ئەوەی پڵنگەکە بنێرن بۆ یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپا و لەوێ چارەسەر بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگونجاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەست تۆڕی 964 کەوتووە، پڵنگەکە لە ئێستادا لە باخچەی ئاژەڵانی دهۆكە و بارودۆخی تەندروستی جێگیرە، هەروەها لەلایەن ڤێتەرنەری دهۆکەوە راستەوخۆ چاودێری دەکرێت.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر