وەزارەتی بازرگانی؛ زەیتی سەوسەن لە سۆیا دروست دەکرا بۆیە بۆن ماسی لێدەهات

میدیازان – فەرمان سادق – دیسکی هەولێر

ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لەسەر خراپی بەشە خۆراکی مانگانە بەردەوامەو، ئەمەش وایکردەوە بەشێک لە هاوڵاتیان پشت بە بەشە خۆراکی بایەعی نەبەستن، لە بەرانبەریشدا وەزارەتی بازرگانی دەڵێ، هەموو مادەکان پێش دابەشکردنی پشکنینی بۆ دەکرێت.

لە سۆشیال میدیا، هاوڵاتیان ناڕەزایەتیان نیشانداوە لەسەر ئەو رۆنە زەیتەی لە بەشە خۆراکی بایەعی دابەشکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتریش لەسەر ئاردو برنج، فاسۆلیا، دۆشاوی تەماتەو نیسکش هەمان ناڕەزایەتی هەبووە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیازانی راگەیاند، لەسەر ناڕەزاەیتی گلەیی خەڵک بڕیاردرا چیتر روونی زەیتی سەوسەن دابەش نەکرێت، لە بەشە خۆراکی مانگی ئەیلولی رابردوو کە ئێستاش دابەشکردنی بەردەوامە، روونی زەیتی ئەلدار دابەش دەکرێت.

“هەموو بەشە خۆراکێک کە دەگاتە هەرێمی کوردستان، لە تاقیگەکانی وەزارەتی تەندروستی دووبارە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە ئینجا بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت”. نەوزاد شێخ کامیل وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە لە رابردوودا چەندینجار روویداوە کە خۆراکی هاتوو لە بەغدا بەهۆی خراپی کوالێتی یان تێکچوونی لە رێگا، گەڕێنداوەتەوە بەغدا.

میدیازان دەزانێت، بەپێی فۆڕمی پسولەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان زیاتر پێنج ملیۆن و  ٢٥٠ هەزار کەس ناویان تۆمار کراوەو، ئەو ژمارەیەش بەردەوام لە گۆڕان دایە.

هەموو بەشە خۆراکێک کە دەگاتە هەرێمی کوردستان، لە تاقیگەکانی وەزارەتی تەندروستی دووبارە پشکنینی بۆ دەکرێتەوە ئینجا بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

هەر تاکێک مانگانە بڕی نۆ کیلۆ ئارد، یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج. ٤٠٠ گرام دۆشاوی تەماتە، لیترێک روونی زەیت، نیو کیلۆ فاسۆلیا، نیو کیلۆ نیسک یان نیو کیلۆ لەتکە نۆک وەردەگرێت.

بەپێی ئەو ئامارە بێت، مانگانە ٩٤٥ هەزار فەردە ئاردی ٥٠ کیلۆیی، ٣١٥ هەاار فەردە برنجی ٥٩ کیلۆیی، ١٠٥ هەزار فەردە شەکری ٥٠ کیلۆیی، ٥٢ هەزارو ٥٠٠ کیلۆ فاسۆلیا و نیسک و لەتکە نۆک، ١٣ هەزارو ١٢٥ قوتووی دۆشاوی تەماتەی کیلۆیی، لە کوردستان دابەش دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، دەڵێ لەمساڵدا تا ئێستا نۆ بەشە خۆراکی بایەعی دابەش کراوە، سەرقاڵی وەرگرتن و دابەشکردنی پشکی هەرێمی کوردستانین بۆ مانگی تشرینی یەکەمین.

زیاتر وتی “هەموو بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک ئاگادار کراونەتەوە کە هەر خۆراکێک خراپ بوو، ئەوا دابەشی نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی، تا بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا”.