هەر کیلۆیەک گۆشتی ماسی دوو هەزار دیناری چووەتەسەر
964+
ئاودێرعومەر- سلێمانی
لە چەند هەفتەی رابردوودا خەڵک ماسی حەوزی بە پێنج بۆ شەش هەزار دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا دوو هەزاری چووەتەسەر.
جەمال حسێن، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی، بۆ 964 دەڵێت: قەدەغەکردنی راوی ماسی هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی ماسی لە بازاڕ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی خاوەن حەوزەکان لە ئێستادا سەرقاڵی پاکردنەوەی حەوزەکانیانن و بەخێوکردن و گەورەکردنی پەنجەماسین.
بە وتەی جەمال حسێن، پێشووتر لە ئێرانەوە ماسی بەستوو هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا باج لەسەر هاوردەکردنی ماسی هەیە، بۆ هەرکیلۆیەک هەزار دینار بۆ هەزار و 500 دینارە، ئەمە بۆتە هۆکاری گرانی نرخەکەی.
لەهەمان کاتدا فاروق عەزیز کە ماوەی 12 ساڵە کاری فرۆشتنی ماسی دەکات بە 964ی وت “نرخی ماسی چەند رۆژێکە بەرز بووەتەوە، پێشتر کیلۆی شەش هەزار دینار بوو، بەڵام ماوەی چوار رۆژە بەجوملە کیلۆی بەحەوت هەزار و دووسەد و پەنجا دینارە، هۆکاری گرانبوونەکەی ئەوەیە بەر لە چەند ڕۆژێک ماسی لە ئێرانەوە دەهات بە پێنج هەزار دینار، ئێستا لەو رێگاوە نایەت، خاوەن حەوزەکانیش بەئارەزووی خۆیان دەیفڕۆشن”.
فاروق عەزیز دەڵێت، لە ئێستادا تەنیا ئەو هەزار دینارە قازانج دەکەن کە لە پاککردنی ماسی دەستیاندەکەوێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی