چەند گوندێکی کەرکوک رێگە نادەن بازگەی ئەمنی دابندرێت
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
دانیشتوانی چەند گوندێکی دەوروبەری کەرکوک، لەدژی دانانی بازگەیەکی هێزە ئەمنییە عێراقیەکان لە نزیکی گوندەکەیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
خۆپیشاندانەکە ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی 4.4.2023 بوو، دانیشتوان و سەرۆک هۆزی هەریەکە لە گوندەکانی ترکەڵان، تۆپزاوە و کۆمەڵگەی قادسیە لەباشوری کەرکوک بەشداربوون.
خەڵکی ئەو گوندانە داوایان دەکرد، هێزە ئەمنییە عێراقیەکان ئەو بازگەیە لابدەن کە ماوەیەکە لەبەردەم گوندەکەیان دروستیان کردووە.
بازگەکە لەسەر رێگای پارێزگای تکریت دانراوە، راستەوخۆ دەکەوێتە بەردەم ئەو گوندانە.
شێخ ئیبراهیم هورمزی، نوێنەری گوندەکانی ترکەڵان و تۆپزاوە بە 964ی وت “دانیشتوانی ئەو گوندانە لە کورد و تورکمان پێکهاتوون، هێزە ئەمنییەکان بازگەیەکی هەمیشەییان داناوە، بڕیار بوو ئەمڕۆ بە فەرمی بکرێتەوە، بەڵام لەبەردەم گوندی ترکەڵان رێگریمان کرد”.
ئەو نوێنەرەی خۆپیشاندەران، ئەوەشی وت “بژێوی ژیانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر کشتوکاڵە، رۆژانە ئافرەت لەگەڵمان هاتوچۆ دەکەن، هەست دەکەین هەبوونی ئەو بازگەیە کە ئەوەندە لێمانەوە نزیک بێت لەگەڵ دابونەریتی ئێمە ناگونجێت”.
ئەگەرچی خۆپیشاندەران سووربوون لەسەر داواکەیان بەڵام کەس نەهات بەدەمیانەوە.
964 زانیویەتی، جگە لەکردنەوەی ئەو بازگە نوێیە، هەردوو بازگەی مەریم بەگ و شهید، کەمتر لە حەوت کیلۆمەتر دوورن لەو گوندەکانە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی