قایمقامیەتی سلێمانی قەدەغەی کردووە

964 هۆکاری بڕیاری قەدەغەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵەکاندا ئاشکرا دەکات

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بزانێت لە ھەر ماڵێکدا ئاژەڵ سەردەبڕدێت دەستی بەسەردا دەگرێت، ئەم بڕیارە پاش ئەوەھات کە بەیانی ئەمڕۆ دەستبەسەر ئاژەڵێکدا گیرا کە لەناو ماڵەکەیدا سەردەبڕدرا.

بیانووی لیژنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم کارە لەگەڵ زانستی ڤێتەرنەری و تەندروست بوونی گۆشتەکە یەک ناگرێتەوە، ئەو ماڵەی کە ئاژەڵەکە تێیدا سەربڕدراوە دەکەوێتە گەڕەکی چوارباخ – لە چەقی سلێمانی.

رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 4.4.2023، بە 964ـی وت، بەیانی ئەمڕۆ لەسەر زانیاری دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئاژەڵەکەدا گرتووە، کە ئەوە یەکەم حاڵەتە لەلای لیژنەکەی ئەوان تۆمارکرابێ.

وتیشی، گۆشتەکە نزیکەی 100کیلۆ بووە و هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی بۆ نەکراوە، هەر بۆیە بە بڕیاری قایمقامی سلێمانی دەستبەسەر تەواوی گۆشتەکە و هەموو ئەو ئامێر و کەرەستانەی بەکارهێنراوە گیراو، رێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەنی ماڵەکەش دەگرنەبەر.

دکتۆر شاڵاو عارف، پزیشکی ڤێتەرنەر و بەرێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە 964ـی وت “ئەو ئاژەڵانەی لەناو ماڵدا سەردەبڕدرێن، ھیچ پشکنیکێکی تەندروستییان بۆ نەکراوە و گرەنتی نییە گوێزەرەوە یان تووشی نەخۆشییە کرم و مشەخۆرییەکان نەبن”.

“ئەگەر پرۆسەی سەربڕینەکەش تەندروست ئەنجامنەدرێت، ئەوا رێگاخۆشکەرە ئاژەڵەکە پێش سەربڕین تووشی نەخۆشی سکچوون، یان تا و گرانەتا ببێت، ئەوەش بەھۆی بەکارھێنانی کەلوپەلی ناتەندروست و نا ژینگەیی”. د. شاڵاو عارف وای وت.

لەبارەی ئەوەی بۆچی خەڵک لەماڵی خۆی ئاژەڵ سەردەبڕێت، وتی، ژمارەیەک ئاژەڵ کە لای ئێمە لە پشکنینی سەرەتایی دەرناچن، دەیدەینەوە بە خاوەنەکانیان تا چارەسەری نەخۆشییەکەی بکەن، بەڵام دەزانین ئەوان خەرجیان تێدا ناکەن، بازرگانیش دێت بە نرخێکی کەم لە خاوەن ئاژەڵەکەی دەکڕێتەوە و لە خان یان لە ماڵێدا سەری دەبڕن”.

بەرێوەبەری کوشتارگەی نوێی سلێمانی ئەوەشی وت “ئەو ئەرکە تەنیا ئەرکی کوشتارگەیە، کە سەرەڕای پشکنینی پێش و پاشی ئاژەڵەکە، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گۆشتە ساغەکە لەناو بەڕاددا و لەژێر پلەی سفر دادەنرێت، کە کەشە ساردەکە ھەر میکرۆبێکی بەدی کرد لەناوی ببات”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق